سه‌ختیه‌کانی ئابوری

که‌می داهاتی بژێوی‌‌و سه‌ختیه‌کانی تری ئابوری، به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیان هه‌یه‌. له‌ کاتی هه‌ڵاوساندا، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی کێشه‌ی ئابوریان هه‌یه‌ زیاد ده‌کات‌، واته‌ سه‌ختی ئابوری ده‌بێته‌وه‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی زۆر که‌س. له‌ کاتی زیادبوونی سه‌ختی ئابوریدا، خه‌م خواردنی کێشه‌ی ئابوری، زۆر که‌س هێشتا هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌کات. ئه‌م شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ داوای یارمه‌تیدا سه‌ختی دروست ده‌کات. ته‌نانه‌ت زۆر که‌س زانیاری ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ له‌ چ جۆره‌ جیگه‌ی جیاوازه‌وه‌ ده‌توانیت داوای یارمه‌تی بکه‌یت.

گرنگه‌ له‌ کاتی سه‌ختی ئابوریدا له‌ کار نه‌که‌ویت. چاکتر وایه‌ که‌ چالاکانه‌ به‌ دوای شیکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا بیت. گرنگه‌ بتوانیت زوو ده‌ست پێکردنی قه‌رز بوه‌ستێنیت. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت قه‌رزی زۆریش کۆبۆته‌وه‌، هێشتا هه‌ل‌و مه‌رجه‌که‌ بێ ئومێد نییه‌. قه‌یرانی ئابوری، وه‌ک قه‌یرانه‌کانی تری ژیان پێویسته‌ له‌گه‌ڵیدا بژیت‌. ده‌توانیت تێیپه‌ڕێنیت، هه‌م له‌ ڕووی ده‌روونیه‌وه‌ هه‌م له‌ ڕووی ئابوریه‌وه‌. له‌ کاتی سه‌ختی ئابوریدا ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌کرێت یارمه‌تیان هه‌بێت:

دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ مافه‌ سۆسیالیه‌کان (کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان)

زۆر جار مرۆڤه‌کان زانیاری ئه‌وه‌یان نییه‌ که‌ چ جۆره‌ مافێکی سۆسیالیان هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ کۆمه‌کی داهاتی بژێوی، که‌ له‌ یه‌که‌ی سۆسیالی شاره‌وانیه‌که‌وه‌ داوا ده‌کرێت، زۆر جار په‌نای بۆ نابرێت. به‌ داهاتی بژێوی پێداویستیه‌ سه‌رکه‌ییه‌کانه‌، وه‌ک خواردنی ڕۆژانه‌و ده‌رمان. هه‌روه‌ها شاره‌‌وانیه‌کان ده‌توانن کۆمه‌ک بکه‌ن به‌ خێزانه‌کان بۆ کاری سه‌ربه‌خۆیانه‌ یان بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌لاواردن، واته‌ (Ehkäisevä toimeentulotuki).

هه‌روه‌ها هه‌ندێ له‌ شاره‌وانیه‌کان متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی (luototus) ڕیک ده‌خه‌ن. له‌ ڕێگه‌ی متمانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ی پێشتر کۆبوونه‌ته‌وه‌، کۆده‌کرێنه‌وه‌و ده‌کرێن به‌ یه‌ک قه‌رزی گه‌وره‌تر یان ده‌توانین هه‌ندێ له‌ پێداویستیه‌کانی ماڵی پێ دابین بکه‌ین، وه‌ک ئامێره‌کانی ناو ماڵ. هه‌روه‌ها کۆمه‌که‌کانی KELA، وه‌ک کۆمه‌کی ماڵنشینبوون، کۆمه‌کی به‌خێوکردن، زیادکردنی پاره‌ی منداڵی کاتێک یه‌‌کێک له‌ دایک‌‌یان باوک به‌ ته‌نها منداڵه‌که‌ به‌ خێو ده‌کات (Yksinhuoltajakorotus) یان کۆمه‌کی که‌م ئه‌ندامی یان کۆمه‌کی چاره‌سه‌ری ماڵه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌و جۆرانه‌بن که‌ ئه‌و که‌سه‌ی مافیه‌تی وه‌ریگریت، بێ وه‌رگرتن بمێنێته‌وه‌. باش وایه‌ که‌ به‌ ته‌واوه‌تی دڵنیا بیته‌وه‌ له‌ ته‌واوی مافه‌کانت یان مافی خێزانه‌که‌ت، که‌ ده‌تانگرێته‌وه‌.

ڕێنمایی قه‌رز‌و ئابوری شاره‌وانی

پێش سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌ی قه‌رز یان ئابوری، ده‌توانیت په‌نا بۆ که‌سی ڕێنمایکه‌ر به‌ریت. به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ کا‌فییه‌ که‌ که‌سه‌که‌ هه‌ست به‌ پێویستی ڕێنمایی بکات له‌ ئابوریدا. ئه‌م خزمه‌تگوزاریه‌ بێ به‌رامبه‌ره‌ (به‌ خۆڕاییه‌). ڕێنمایی قه‌رزو ئابوری شاره‌وانییه‌که‌ی خۆت له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمانگه‌ی کڕیاڕ (Kuluttajavirasto) ده‌ست ده‌که‌وێت.

ڕێکخراوی: Takuu-Säätiön palvelut

Takuu-Säätiön Palvelutکاروباری ڕێکخراوی متمانه‌ی ئه‌و که‌سه‌ ده‌کات که‌ زۆر قه‌رزداره‌و له‌ ڕیگه‌ی ته‌له‌فونه‌وه‌ ڕێنمایی بێ به‌رامبه‌ر ده‌داته‌ ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ قه‌یرانی ئابوریدان.

خزمه‌تگوزاری ڕێکخراوه‌کان‌و که‌نیسه‌

کڵێساکانی ناوچه‌کان، به‌ گشتی به‌ جیا له‌ کۆمه‌کی ده‌روونی، کۆمه‌کی ئابوریش (diakonivara) دابه‌ش ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ندێ ڕێکخراو یارمه‌تی خواردن ده‌به‌خشن. پێده‌چێت کارمه‌ندانی که‌نیسه‌، ئه‌و ڕێکخراوانه‌ بزانن که‌ له‌ ناوچه‌که‌دا یارمه‌تی خواردن ده‌به‌خشن.

پێویسته‌ چی نه‌کرێت له‌ کاتی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ختی ئابوریدا

  • چاره‌سه‌ری بێ سه‌روبه‌ره‌، وه‌ک هه‌وڵدان بۆ گواستنه‌وه‌ی قه‌رز به‌ قه‌رز. ئه‌مه‌ ڕێگر ده‌بێت له‌ ڕێکخستنه‌ی قه‌رزه‌کان.
  • بیری بچێته‌وه‌، که‌ سه‌رئه‌نجام مه‌سه‌له‌ ته‌نها پاره‌یه‌.
  • به‌ خاتری سه‌ختی ئابوری پێویست ناکات ته‌ندروستی‌ یان په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌ ده‌ست بدات.
  • له‌ ده‌ست‌و پێ بکه‌وێت‌و وه‌سڵه‌کان نه‌کاته‌وه‌ یان په‌یوه‌ندی نه‌کات به‌ قه‌رزداره‌کان یان ڕێنمایکه‌ری قه‌رزو ئابوری.

باسکردنی بۆ منداڵ

ئه‌رکی که‌سی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌ت بپارێزێت که‌ منداڵ منداڵ بێت. پێویسته‌ منداڵ به‌ که‌مترین شێوه‌ سه‌رقاڵ بکرێت به‌ خه‌مه‌کانی جیهانی که‌سی گه‌وره‌وه‌. مه‌رج نییه‌ منداڵان تێبگه‌ن، ده‌رفه‌تیشیان نییه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆر شتی جیهانی که‌سانی گه‌وره‌ دابنێن، بۆیه‌ لانی که‌م به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی شتی به‌ دی نه‌هاتن، وه‌ک بێکار بوون، پێویست ناکات منداڵی پێ ئه‌زیه‌ت بده‌یت.

ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌کان هاتنه‌ دی، پێویسته‌ ڕاستیه‌کان بۆ منداڵه‌که‌ بگێڕیته‌وه‌، به‌ڵام به‌ بێ وه‌رده‌کاری نا پێویست. ده‌توانیت زیاتر بۆ نمونه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کت، خزمێکت، که‌سێکی هاوتا یان که‌سی شاره‌زادا قسه‌ بکه‌یت. به‌ڵام پێده‌چێت سه‌ختیه‌کانی ئابوری به‌ چه‌ند شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی منداڵه‌که‌ دابنێت، بۆیه‌ باشتر وایه‌ که‌ بزانێت مه‌سه‌له‌ چییه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌و تێده‌گات، که‌ بۆچی بۆ نمونه‌ ناتوانیت هه‌مان ئاره‌زووی هه‌بێت که‌ یه‌کێک له‌ هاوڕێکانی هه‌یه‌تی.

چاک وایه‌ هه‌وڵ بدرێت که‌ منداڵه‌که‌ نه‌هێنرێته‌ ناو کێشه‌کانی خۆته‌وه‌. پێویسته‌ هه‌وڵ بدرێت که‌ ئاسایترین ژیانی منداڵی بۆ منداڵه‌که‌ بپارێزرێت. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ دێت که‌ خۆت خه‌می‌ خۆتت بێت، واته‌ پێویست ناکات منداڵه‌که‌ له‌ بری دایک‌و باوکی بترسێت. ده‌کرێت منداڵه‌که‌ حاڵی بکرێت، که‌ له‌ کۆتایدا سه‌ختی ئابوری مه‌سه‌له‌که‌ ته‌نها مادده‌یه‌ (ماتێڕیاڵه‌) نه‌ک خۆشه‌ویستی. باش وایه‌ منداڵ تێبگات که‌ په‌یوه‌ندی مرۆڤ زۆر له‌ بارودۆخی ئابوری گرنگتره‌و ئه‌گه‌ر دایک‌و باوک خه‌می سه‌ختی ئابوریشیان هه‌بێت، منداڵه‌که‌یان هه‌ر خۆش ده‌وێت.

تێپه‌ڕبوون له‌ سه‌ختیئابوری

باش وایه‌ ئه‌گه‌ر بتوانیت له‌گه‌ڵ که‌سێکدا سه‌باره‌ت به‌ سه‌ختی ئابوریه‌که‌ت قسه‌ بکه‌یت. گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌ل‌و مه‌رجه‌که‌ بۆ خۆت باشتر شی ده‌بێته‌وه‌و ڕه‌نگه‌ بتوانیت ئاسانتر به‌ دروست پێوانه‌یان بکه‌یت. ڕه‌نگه‌ ئیفلاسبوونی (مایه‌ پووچ بوون) کۆمپانیا سه‌ره‌تا وه‌ک کۆتایی جیهان بێته‌ پێش چاو، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌. ده‌کریت قه‌یرانی ئابوری وه‌ک هه‌ر قه‌یرانێکی تری ژیان تێبپه‌ڕێندرێت. به‌ خاتری خه‌می ئابوری، پێویست ناکات ته‌ندروستی خۆت له‌ ده‌ست بده‌یت.

هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئاستی ڕاده‌ی ژیان، ڕه‌نگه‌ سه‌ره‌تا زۆر سه‌خت بێت. له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا زۆر هانی خه‌رجکردن‌و ته‌نانه‌ت قه‌رزکردنیش ده‌درێت. ئاستی قه‌رزی فینله‌ندیه‌کان له‌ ساڵانی ڕابردوودا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو چۆته‌ سه‌ره‌وه‌، بۆ به‌شێکی زۆر له‌ ئێمه‌ چیتر داهات‌و خه‌رجیه‌کان یه‌کسان نین.

قه‌رزی زۆرو سه‌ختی ئابوری ناچارت ده‌کات که‌ ئاستی ژیانت دابه‌زێنیت. به‌ڵام هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئاستی ژیان باشتره‌ له‌ زیاد بوونی سترێس به‌ هۆی سه‌ختی ئابوریه‌وه‌. مرۆڤ باش ده‌گونجیت. سه‌ره‌تا ئه‌و شته‌ی له‌ مه‌حاڵ ده‌چێت، بۆ نمونه‌ گواستنه‌وه‌ بۆ خانویه‌کی بچکوکتر یان خانوی کرێ، دواتر ئاسایی ده‌بێته‌وه‌و ڕه‌نگه‌ خۆشیش بێت.

باش وایه‌ هه‌وڵ بدرێت کاره‌کان ڕێک بخرێت‌و تێبکۆشریت که‌ به‌ خۆشترین شیوه‌ ژیان به‌ریته‌ سه‌ر که‌ ئیمکانی هه‌یه‌. دواجار خانوو و ئۆتۆمۆبێل‌و قه‌رزی زۆر، که‌متر نرخیان هه‌یه‌ تا ته‌ندروستی خۆت.

ئه‌وانه‌ی (له‌ بازرگانیدا، بسنسدا) ئیفلاسیان کردوه‌، ده‌زانن که‌ هه‌موو بازرگانییه‌ک سه‌رکه‌وتوو نابێت. ئه‌گه‌ری ئیفلاس کردن له‌ بازرگانیدا شتێکه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌ بازرگانیه‌وه‌ هه‌یه‌. ئیفلاس کردن تاوان نییه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر جار لای مرۆڤ هه‌ستی شه‌رمه‌زارکردنی به‌هێز دروست ده‌کات. هه‌ندێ جار مامه‌ڵه‌کردنی هه‌ستی شه‌رمه‌زاری، بۆ نمونه‌ قسه‌کردن ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر گرنگه‌ بۆ تێپه‌ڕبوون له‌ ئیفلاس کردن. باری خراپی مامه‌ڵه‌نه‌کراو، ڕه‌نگه‌ دواتر ببێته‌ هۆکاری خه‌ۆمکی.

هه‌ندێ جار شه‌رمه‌زاریه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هیزه‌، که‌ ڕێگره‌ له‌ داواکردنی یارمه‌تی. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ هه‌ستی بێ نرخی، تاوانباری، هیچ پێ نه‌کردن یان بێ که‌ڵه‌کی، ته‌واو بێ توانات بکه‌ن. ڕه‌نگه‌ مرۆڤ به‌ جیا له‌ ڕووداوه‌که‌، سه‌رزه‌نشتی خۆشی بکات. شه‌رمه‌زاری به‌هێز ده‌کرێت ببێته‌ هۆکاری دڵه‌ڕاوکێ (پانیک). ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌ستانه‌ی پاش ئیفلاسبوون یان سه‌ختی ئابوری دروست ده‌بن، ده‌توانیت گفتوگۆ بکه‌یت بۆ نمونه‌ له‌ ته‌له‌فونی قه‌یران: 010195202.

لینکی تری به‌ سوود

ڕێنمایی قه‌رز‌و ئابوری ئێسپۆ (Espoon talous- ja velkaneuvonta). له‌ ماڵپه‌ره‌که‌یاندا به جیا له‌ خه‌ڵکی ئێسپۆ، که‌سانی تریش سوودیان لێ وه‌رده‌گرێت. ده‌رباره‌ی ڕێکخستنی قه‌رزه‌کان، گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ قه‌رزده‌ره‌کان‌و فه‌رمانگه‌ی ده‌ست به‌سه‌ره‌دا گرتن (ulosotto) زانیاریت ده‌ست ده‌که‌وێت.له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌دا لینکی تێدایه‌ بۆ جێگه‌ی تری به‌ سوود له‌ په‌یوه‌ند به‌ کێشه‌ی ئابووریه‌وه‌.

خزمه‌تگوزاری ئابوری دائیره‌ی خه‌رجیات (Kuluttajaviraston talouspalvelut)

Takuusäätiö

Kaski-ryhmä گروپی هاوتا بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی قه‌رزدارن.

خزمه‌تگوزاری ڕێنمایی بازرگانانی فنلاند Suomen Yrittäjien neuvontapalvelut (ته‌نها بۆ ئه‌ندامان)