خۆکوشتنی کەسوکار

کاری خۆکوژی لەلایەن کەسی نزیکەوە بە قووڵی کەسەکە تووشی شۆك دەکات‌و ڕووبەڕووبونەوەی‌و کارکردن لەسەری هێز و تواناو کاتی خۆی دەبات. بەڵام دەبێ ئەوەشمان لە بیر بیت کە خۆکوشتن هەمیشە ڕێگاچارەیەکی نا ئۆمێدانەی کەسەکە خۆیەتی‌و ناشکرێ بەر بەهەر کارێكی خۆکوژی بگێردرێ. خۆکوژی کەسێكی نزیك بە گشتی کەسانێك تووشی قەیرانێكی زامی دەروونی دەکات، ڕووبەڕووبوونەوەی‌و کارکردن لەسەریشی زۆر جار خاوتر دەچێتە پێشەوە لەچاو ئەوەی بۆ پاش مردنێکی سروشتی ئەنجام دەدرێت. لەسەرەتادا کردەوە خۆکۆژیەکە لەوانەیە بۆت زەحمەت بێت وەك ڕاستیەك چاوی لێ بکەیت‌و باوەڕی پێ بکەیت. مردن بە شێوەی خۆکوژی زۆر زەحمەتە قبوڵی بکەیت.

بەهۆی لەدەستدانی کەسێكی نزێکتەوە بە شێوەی خۆکوشتن، هەستێکی قورس‌و ناڕەحەت سەرتاپای بیروهۆشت دادەگریت. بەتایبەتی هەستی تاوانبار بوون لەوانەیە زۆر بەهێز بێت، هەروەها خۆکوشتنی کەسێکی نزێكت لەوانەیە هەستی شەرم‌و ڕقێشی لەلا دروست کردبێت. بەڵام بە گشتی ئەوەی بە ڕواڵەت دیارەو لەسەرەوەیە خەمێکی بێ ئاراستەیەو نەختێکیش تێگەیشتنێکی ڕوون‌و دەرکێكت لەلا دروست دەبێت لەوەی کە بمانەوێ‌و نەمانەوێ ژیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

خۆکوشتنی یەكیك لە کەس وکاران لەوانەیە کەسە نزیکەکانی یەك بخات هەروەها لەوانەیشە لەیەكیان بکات. کەسەکان هەر یەکە و شێوەی خۆی هەیە بۆ خەفەت خواردن‌و تێپەڕکردنی قەیرانیش، ئەم جیاوازیانە لەوانەیە سەرلێشێواوی‌و هەندێ جاریش ناکۆکی لەنێوان خزماندا پێکبهێنێت. لەوانەیە یەکێك لە پەل وپۆ دەکەوێت هەربۆیە بۆ ئەم ڕووداوە بە ئارامی کاردانەوەی خۆی نیشان دەدات، یەکێکی تر تووشی شۆك بووە و کەسانی تر تاوانبار دەکات، سێهەمیش لە رێگەی هەڵس وکەوتەوە خەفەتەکەی هەڵدەرێژێ‌و چوارەمیش هەوڵ دەدات یارمەتی هەموویان بدات‌و فریای خۆی ناکەوێ کە خۆیشی دەبێ لەم بارە سەر دەربهێنێ. ئەوەش زۆر گرنگە کە تێبگەین لەوەی کە بۆ خەفەت خواردن تەنیا یەك رێگا نیە کە ڕاست ودروست بێت. بەکارهێنانی مەشروب‌و مادەی هۆشبەر بۆ خەفەتەکە هیچ کاتێك باش نیەو پێویست ناکات خۆت تووش بکەیت.

هاوکات لەگەڵ شێوەی جۆراوجۆر خەفەت خواردن مرۆڤ ڕێگای جۆراوجۆری تریشی هەیە بۆ خۆ دەربازکردن لەو بارە قورسە. زۆربەی کەس وادەبیننەوە کە قسەوباس کردن سەبارەت بە ڕووداوەکە بە کارێکی بەسوود دەزانن چونکە لە رێگەی قسەوباسەوە ناڕەحەتیەکانی سەر دڵیان خاڵی دەکەنەوە. هەندێ کەسی تر دەیانەوێ لە زەینی خۆیاندا بە ئارامی‌و لەسەرخۆیی ڕووداوەکە وەك ڕاستیەك بسەلمێنن و قەبووڵی بکەن، زۆرێکی تریش دەیانەوێ رێگەی ئەنجام دانی کاروچالاکی بگرنە بەر: بۆ نموونە وەرزش، ڕەنگکردن ویان نووسین وەك ڕێگایەك بۆ هاتنە دەرەوە لەو حاڵەتە. مرۆڤ بە گشتی چەندین جۆر لە سەرچاوەی هیزوتوانای بەدەستەوەیە. لەدوای ئاوا ڕووداوێکەوە کارلەسەر ئاستی هەستەکان، بیروبۆچوونەکان، باوەڕەکان، نرخەکان، زانیاریەکان‌و هەروەها هەستەکانی جەستەی کەسەکە دەکرێت. وردە وردە کەسەکە ئایندەیەکی تازە بۆخۆی دروست دەکات.

بۆ کەسێك کە خزمەکەی کاری خۆکوژی ئەنجام داوە مافی هەیە ئایندەیەکی باشی هەبێت. ڕووداوکە لەوانەیە هەرگیز لەبیر نەچێتەوە، بەڵام دەرفەتی ئەوە هەیە کە بەسەریدا تێپەڕیت بە شێوەیەك دووبارە هەست بە خۆشی ژیان بکەیتەوە. کاتێك ڕووداوەکە کاتێکی کافی بەسەردا چووبێت و توانرابێت بەگوێرەی پێویست کاری لەسەر کرابێت، ئەو کات کەسەکان باسی گەڕانەوەی هیز وتواناو حەز بەژیان دەکەنەوە، هەندێ جاریش تەنانەت زیاتر لەجارانیش بووە. پێش ئەم قۆناغە کەسێك کە کەسێكی نزیکی، خۆی کوشتوە مافی هەیە هەر دەرفەتێك بۆ یارمەتی داوا بکات، بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێ خەفەت بخوات‌و هەر کاتێکیش دەست بدات هەوڵ بدات هەستی خۆشیش بەدەست بهێنێت.

بۆ کەسانێك کە کەسوکاریان کاری خۆکوژی کردبێت ئەم ئۆرگانانەی خوارەوە پشتیوانی‌و یارمەتی پێشەکەش دەکەن:

ناوه‌ندی قەیرانی سۆس (SOS-kriisikeskus)

ناوه‌ندی قەیرانی سۆس بە خۆڕایی کۆرسی چارەسەری پێشوەخت رێکدەخات بۆ کەسانێك کە کەسوکاریان کاری خۆکوژیان کردبێت. بەشێك لە کۆرسەکان سەرتاسەرین. ئامانجی ئەم کۆرسە چارەسەریانە ئەوەیە کە رێگا بگرێت لە درێژە کێشانی خەمخواردن وبەرەوپێشەوە بردنی رێگاکانی دەربازبوون لەو بارە لەرێگەی دابەش کردنی ئەزموونەوە لەگەڵ کەسانێكدا کە کەسوکاریان کاری خۆ کوژیان کردوە. دەتوانرێ داوای کات بکەیت کە سەردانی کارگێڕی قەیرانی مەڵبەندی قەیرانی سۆس بکەیت وە یان بە تەلەفونی قەیرانەوە پەیوەندی بکەیت.

ناوه‌نده‌کانی قەیرانی ناوچەیی

ناوه‌ندەکانی قەیران یارمەتی‌و پشتیوانی بۆ دانیشتووانی ناوچەکەی خۆیان لە سەرتاسەری فنلاندا کە تووشی قەیران‌و ناڕەحەتی بوون. یارمەتی دەست بەجێیش دەتوانرێت لە ناوه‌ندی تەندروستی خۆت یان سه‌رپه‌رشتیاری تەندروستیکارەوە بەدەست دێت.

رێکخراوی تۆمارکراوی قردێلەی ڕەش- کەسوکاری ئەوانەی خۆیان کوشتوە

قردێلەی ڕەشرێکخراوی کەسوکاری ئەوانەن کە خۆیان کوشتوە، هەروەها کورسی پشتیوانی بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو بارەدا ڕێکدەخات و پشتیوانی هاوتا پێشکەش دەکات کە لەسەر بنەمای تەلەفونی ئێشکگریە و ماڵپەری قسەوباسە لە ئینتەرنێتدا.

باس وبەسەرهاتی یەکێکی نزیك

"من تەمەنم 16 ساڵ بوو کاتێك لە سەرەتای هاوینی 1993دا باوکم خۆی کوشت. هاوینەکەم لە ئاوا خەم وتەم ومژێكدا بەسەر برد. بێ گومان لە کاتی بەخاك سپاردنەکەدا گریام، بەڵام بەگشتی هەستم دەکرد، کە کەسوکارەکانم زۆرتر بەدەربڕینی هەست خەمی خۆیان نیشان دەدا. سەرەتا تووشی شۆکیکی زۆر بووبوم‌و دواتریش بیرم چوەسەر پشتیوانی کردن لە کەس وکارانی تر. وەك سروشتی خۆم کەسێکم پڕ هەڵس‌وکەوتم‌و ئێستاش هەر وام، کاروباری خوێندن‌و فێرگەکەم ئەنجامداو زەینم خستە سەر کاروبارەکانم، دواتر تووشی خەمۆکی بووم‌و ئیتر لە سالێ کۆتایی ئامادەییم‌دا لەگەڵ دەروونناسی فێرگەدا قسەمان لەسەر بابەتەکە کرد.

لەم بارەوە من بەختەوەر بووم، چونکە توانیم سەبارەت بە مردنی باوکم یەکسەر لەگەڵ رەفیقەکان‌و کوڕەکەی رەفیقم قسە بکەم. رەفیقەکانم پشتیوانیان کردم‌و بۆ خاکسپاردنەکەش هاتن سروودیان خوێند. کاروباری رۆتینی ژیانی رۆژانەشم کە وەك خۆی ئەنجام دەدا لەو بارەوە بۆم یارمەتیدەر بوو. لەلایەکی ترەوە هیچ یارمەتیەکی فەرمیمان نەدرا. پێش بەخاك سپاردنەکە تەنیا پۆلیس‌و پاپ سەریان لێ داین وهەروەها رەفیق‌و کەسوکاریش هاتن بۆ لامان. بێگومان هەموو خێزانەکەمان پێویستیمان بە یارمەتی هەبوو. منیش هەموو جۆرە هەستێکی سەیری تاوانباربوونم لەسەردا کۆبووبوەوە. تەنانەت ئەوەشم بە خەیاڵدا هات کە باوکم بۆیە خۆی کوشت چونکە وایدەزانی من تەنانەت لە ئامادەیی‌دا وەرناگیرێم.

بەدڵنیاییەوە یارمەتی قسەوباسکردن یارمەتی دەداین، تێراپیای خێزان یان شتێکی تر لەو بابەتە وەیان بابەتێکی کاروهەڵسووڕانیش دەیتوانی یارمەتیمان بدات. من دواتر بیرم کردەوە، کە بۆچی دوای ئەو ڕووداوە زیاتر نەجوولامەوە. بێگومان بۆ بەسەردا چوونەوەی ئەم بابەتە یارمەتیدەر دەبوو. لەلایەکی ترەوە من زۆر پیانؤم لێ دەدا وئێستاش هەر لەسەری بەردەوامم.

دایکم لەدوای ڕووداوەکەوە بۆ ماوەیەك پشووی نەخۆشی وەرگرت، لەوە دەچێت ئێستا خەڵك بۆ ماوەیەكێ درێژخایەنتر پشوو وەربگرن. شیرازەی خێزانەکەمان لە دوای ڕووداوەکەوە بۆ ماوەیەکی کورت لەیەك ترازا. دایکم ئەوەندە زۆر خەفەتی دەخوارد کە نەخشی هەریەکەمان تێکەڵ بەیەك دەبوو، هەر وەك چۆن لە هەر ڕووداوێکی تری وەك ئەوەی ئێمەدا ڕوو دەدا. تێگەیشتم لەوەی کە ئەگەر ژیانی خۆم بەرەو سەرەولێژی بڕۆیشتایە، ئەوا کەس بەری پێ نەدەگرت. بەهەرحاڵ هەرچۆنێك بێت شتێك هانی دام کە لەسەر چوونم بۆ فێرگە بەردەوام بم.

ناچار بووم زۆر لێپرسراویەتی لە ئه‌ستۆ بگرم‌و یاخی بوونی کاتی هەرزەکاریەتی تووشی گیروگرفتی زۆری لەگەڵ دایکم کردم، کە لەو بارەوە دایکم چوو لەگەڵ کەسی پسپۆڕ لەو بوارەدا قسەوباسی کرد. بەهەر هۆیەکەوە بێت سەبارەت بە خۆکوژیەکەی باوکم لەلایەن کەسی پیشەوەرو پسپۆڕەوە قسە لەگەڵ هەموو خێزانەکەمان پێکەوە نەکراوە. ئەمە بۆخۆی کارێکی پێویست بوو، چونکە قسەوباسی نێو خۆمان لە خێزانەکەدا هەمیشە باش ودروست کەر نەبوو.

من چیتر بیرم نایەت، کە ئایا ئەو کاتە خۆم داوام کرد کە لەرێگەی نەخۆشوانی فێرگەوە بچمە لای دەروونناس لە پۆلی سێهەمی ئامادەییدا یان ئایا مەسەلەکان چۆن چوونە پێشەوە. بەهەر حاڵ ئەو کاتە زۆر بێتاقەت بووم و باری دەروونیم خراپ بوو. دەروونناسەکە کەسێکی پۆزیتیڤ بوو و قسەوباسکردن لەگەڵیدا یارمەتی دەدام. دوای تەواوکردنی ئامادەیی چووم بۆ دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن‌و ئیتر نازانم بڵیم ئایا لەو کاتەدا ئەو کارەم باش بوو یان خراپ. کۆچکردن‌و چوون بۆ وڵاتێکی تر هەمیشە بۆ خۆی ڕووبەڕووی قەیرانێکت دەکاتەوە کە بەو پێیە لە هەر حالدا بە ژیان‌و ناسنامەی خۆتدا جارێکی تر دەچیتەوە.

باوکم کاسبکارو لەکارکردندا ماندوونەناس بوو واتە مودمینی کار بوو. ئەو کە لاوتر بوو گیروگرفتی ئەلکهۆلی هەبوو، کە دوای ئەوە بیروبۆچوونی گۆڕاو بوو بەوەی کە کارکردن هەموو شتێکە. ئەو کاری ئێجار زۆر دەکرد. من دواتر بیرم کردەوە، کە ئێمە وەك خێزان دەبوایە زیاتر پێکەوە بووینایەو کاتمان بەسەر بردایە. بێگومان سەفەرمان دەکرد، بەڵام دەمانتوانی زیاتر پێکەوە لەسەر هەموو شتێك قسەوباس بکەین. لەوانەیە باوکم زۆر تەنیا بووبێت.

ئێستا لەتەمەنێكدام، کە دەتوانم بە شیوەیەك خۆم بخەمە جێگای باوکم. لەتەمەنی مام ناوەنجیدا ژیان زۆر جار بۆ مرۆڤ هەمووی وەك یەكی لێ دێت‌و بێتاقەتت دەکات، بەرنامە وکاری رۆژانەی خۆتت هەیە، منداڵانی هەرزەکاریش لەوانەیە ئەرکیان قورس بێت. کاروکاسبی‌و سەرکەوتووی لە ژیانی بازرگانی‌دا بۆ باوکم هەموو شتێك بوو. خۆم پێم وایە کە، ئارام بەخشێن بە زەینی خۆ ناتوانرێت لە ڕێگەی فاکته‌ری دەرەکیەوە بەدەست بێت. بەلکوو لە شوێنێکی ترەوەیە کە دەبێ بیدۆزیتەوە و دەبێت مرۆڤ فێر بێت لە ژیانیدا ناکامی‌و قەیرانیش بەرگە بگرێت. گرنگە کە فێری ئەوە بیت کە لە زۆر شتی دلخۆشکەری بچوکەوە خۆشی لە ژیان ببینیت. گوزەران‌و ژیانی ئێمە لە باری ئابووریەوە هیچ خراپیش نەبوو، سەرەڕای ئەوەی شەریکەکەشمان ئیفلاسی کرد، بەڵام بۆ نموونە خانووەکەی خۆمان لەدەست نەدا. دوای مردنی باوکم تووشی هەموو جۆرە قەرزو قۆڵەیەك بووین.

من زووتر تیۆری خۆکوژی ئێمیلێ دورخەیمم (Emile Durkheim)خوێندوەتەوەو بیرم لەوە کردوەتەوە، کە چۆن لە فنلەندا ناکامی دەبێتە بار بەسەر کەسەکانەوە. لەوانەیە خەلکی بە کۆمەڵ دڵیان بەیەك بکرێتەوە ولەگەڵ یەکتردا بدرەوشێنەوە، بەڵام بارەکان بەتەنها هەڵی دەگرن. بە بۆچوونی من دەبێ خەڵکی زۆرتر یەکتر هانبدەن‌و ناکامیەکانیشیان پێکەوە دابەش بکەن.

مردنی سروشتی‌و یان بۆ نموونە مردن لە ڕووداوی ئوتۆمبیلدا پێدەچێت ئاسانتر وەك هۆیەك بۆ مردنی کەسوکار پەسەند بکەیت. کاتێك کەسێكت خۆی دەکوژێ، هەست دەکەیت داواکردنی یارمەتیش سەختە. لەو کاتەدا هەست بە شێوەی جۆراوجۆری هەست بە تاوان و شەرم دەکەیت. خۆکوشتن ئێستاش لە فنلەندا هەر شتێكی تابووە. لە دەیەکانی ساڵی ٢٠٠٠دا خۆشبەختانە زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت.

دەزانم کە باوکم هەندێ جار و لەوانەیە کاتی مردنەکەیشی خەمۆکی هەبووبێت، بەڵام ئەو کاتە خەلکی لەوە دەچوو بۆیان قورس بووبێت داوای یارمەتی بۆ خەمۆکی بکەن. دەبوایە خۆت وا نیشان بدایە کە ژیانت زۆر باش دەچیتە پێشەوە. دواتر خه‌مۆکی لە میدیای گشتیەوە زۆرتر ڕووی خۆی دەرخست، بۆ نموونە دیمانەی تێلێرڤۆ کۆیڤیستۆم (Tellervo Koivisto) زۆر باش لەبیرە.

بۆ کەسانێك کە کەوتوونەتە بارێکەوە وەكو ئەوەی من، پێیان دەڵێم کە پێویست ناکات ئێجگار زۆر بچیتە ناو بەرگ‌و پێستی خۆتەوە. گرنگە رێگایەك بدۆزیتەوە بۆ هەست بەتاڵ کردنەوەی باری قورسی ڕووداوەکە، ئیتر بە قسەکردن بێت، مۆسیقا ژەنین بێت یان بە سەرگەرمی وەرزش بیت. هەروەها باشتریش وایە کەسێکت هەبێ کە بیرو نارەحەتیەکانتی بە دەنگی بەرز بۆ بگێڕیتەوە. باشترێکە یەکسەر دوای ڕووداوەکە لە یارمەتی‌و پشتیوانی هاوتا کەڵك وەربگریت. بە بۆچوونی من باشتر وایە هەوڵ بدەیت لە بێرت بێ، کە ئەگەر کەسێكی نزیکت خۆی کوشتوە، ئەوا ئەو کاتە بۆ خۆیشت پێویستیت بە کەسێكی تر هەیە. باشتر وایە هەوڵ بدەیت یارمەتی‌و پشتوانی داوا بکەیت.a