یوهانی (Juhani) کوڕێکی ته‌مه‌ن 27 ساڵانی هه‌یه به ناوی تۆممی (Tommi)، ئه‌وان هه‌ردووکیان له شاری یوڤاسکولا (Jyväskylä) ده‌ژین. تۆممی بۆ ماوه‌یه‌کی زۆره غه‌مبارو بێ تاقه‌ته. زیاتر له مانگێکه تۆممی هاوڕێیانیو خزمانی نه‌بینوه. ئێستا تۆممی په‌یامێکی (SMS) بۆ باوکی ناردوه‌و تێیدا ده‌ڵێت: "زۆر داوای لێبوردن ده‌که‌م، چیتر تاقه‌تی ژیانم نییه، هه‌موو شتێک ڕهشو بێ سووده." به پێی په‌یامه‌که، باوکی تۆممی ده‌ترسێت که تۆممی خۆی بکوژێت.
تۆممیو باوکی (یوهانی) ده‌توانن چی بکه‌ن؟
یه‌که‌م شت پێویسته که یوهانی ته‌له‌فون بۆ تۆممی بکات‌و بپرسێت له کوێیه. ئه‌گه‌ر تۆممی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و وتی له کوێیه، بۆ نمونه له ماڵه‌وه، پێویسته یوهانی بچێته ئه‌وێ. ئه‌گه‌ر تۆممی وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، باش وایه که یوهانی په‌یامی بۆ جێبهێڵێتو داوای لێ بکات که به زووترین کات په‌یوه‌ندی پێوه بکات.
دواتر یوهانی ده‌توانێت ڕاسته‌وخۆ ته‌له‌فون بۆ ژماره‌ی فریاگوزاری گشتی 112 بکات. هه‌روه‌ها له ڕێنمایی ته‌ندروستیه‌وه 0910023 یارمه‌تی وه‌رده‌گریت بۆ کاری به په‌له، ئه‌و ژماره‌یه هه‌موو کاتێکی شه‌وو ڕۆژ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه (24 کاتژمێر، شه‌وانه‌ڕۆژی). له ڕێگه‌ی ئه‌م ژمارانه‌وه یوهانی ئامۆژگاری زیاتر وه‌رده‌گرێت، که چی بکات کاتێک کوڕه‌که‌ی مه‌ترسی هه‌یه که خۆی بکوژێتو وه‌ڵامی ته‌له‌فونیش ناداته‌وه.
ئه‌گه‌ر یوهانی توانی په‌یوه‌ندی به کوڕهکهوهی بکات، ئه‌وا باش وایه که پێکه‌وه له‌گه‌ڵ تۆممیدا به زووترین کات په‌نا بۆ یارمه‌تی که‌سانی شاره‌زا به‌رن. له هه‌موو شارهوانیهکدا (ناوچه‌یه‌کدا) یان شاره‌وانیه‌کی نزیکیدا، به درێژای شه‌وانه‌ڕۆژی ناوه‌ندی ته‌ندروستی ئێشکگرو ئێشکگری به‌شی ده‌روونی هه‌یه. ئه‌گه‌ر باری تۆممی خراپه، ئه‌وا گرنگه که به زووی بگه‌ێنرێته چاره‌سه‌ر.
ژماره‌ی تهلهفونو په‌یوه‌ندی بنکه‌ی ته‌ندروستی ئێشکگرو به‌شی پزیشکی ده‌روونی شاره‌وانیه‌که‌ی خۆت، له ماڵپه‌ڕی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی شاره‌وانیه‌که‌ی خۆت ده‌دۆزیته‌وه. هه‌روه‌ها ژماره‌ی ته‌له‌فونی ئێشکگری 0910023 به درێژای شه‌وو ڕۆژ هه‌یه‌و زانیاری ده‌دات ده‌رباره‌ی ئه‌و بنکه ته‌ندروستیانه‌ی ئێشکگریان هه‌یه. هه‌روه‌ها له ڕیگای ژماره‌ی ته‌له‌فونی قه‌یرانی سه‌رتاسه‌ری 010195202 ه‌وه ده‌توانیت ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌که گفتوگۆ بکهیتو پرسیاری ڕێنمایی بکه‌یت ده‌رباره‌ی داوا کردنی یارمه‌تی.
ئه‌گه‌ر تۆممی خۆی نه‌یه‌وێت داوای یارمه‌تی له که‌سانی شاره‌زا بکات، هه‌لومه‌رجه‌که بۆ یوهانی زۆر سه‌خت ده‌بێت. پێویسته تۆممی ڕازی بکرێت که داوای یارمه‌تی بۆ خۆی بکات‌و پشتگیری بکرێت تا باوه‌ڕ بهێنێت، که جۆره چاره‌سه‌رێکی گونجاو ده‌دۆزرێته‌وه. بۆ ئه‌گه‌ری خه‌مۆکیی تۆممی، چاره‌سه‌ری جیاوازی به‌تین هه‌یه، وه‌ک دهرمانو تێڕاپی ده‌روونی. زیاتر ده‌رباره‌ی خهمۆکیو چاره‌سه‌ره‌کانی بخوێنه‌وه.
باش وایه که یوهانی بتوانێت به شێوه‌یه‌کی ئازادانه‌و کراوه له‌گه‌ل تۆمیدا ده‌رباره‌ی بیرۆکه‌ی زیان به خۆ گه‌یاندنه‌کانی تۆممی قسه بکات، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تادا سه‌ختیش بێت. پرسیارکردن ده‌رباره‌ی بیرۆکه‌ی زیان به خۆ گه‌یاندن هاندان نییه بۆ خۆ له ناوبردن. ڕه‌نگه بۆ تۆممی ئارامکه‌ره‌وه بێت که بتوانێت ڕاسته‌وخۆ ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌کانی قسه بکات‌و له هه‌مان کاتیش‌دا ڕه‌نگه نه‌زانینه‌کانی یوهانیش ده‌رباره‌ی بیرۆکه‌کانی تۆممی که‌م ببنه‌وه.
گرنگترین شت ئه‌وه‌یه، که تۆممی یارمه‌تی که‌سانی شاره‌زا وه‌رگرێت بۆ کێشه‌کانی. یوهانی ناتوانێت به‌رده‌وام به دوای تۆممیهوه بێت‌و کاری ئه‌ویش نییه که وا بکات. مرۆڤ ناتوانێت به‌رده‌وام ته‌واو کۆڵی که‌سێکی تر هه‌ڵگرێت، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌شدا که که‌سه‌که منداڵی خۆته‌و ته‌مه‌نی له سه‌رو 18 ساڵانه‌وه‌یه.
به‌شێکی به‌رچاو له فنلاندیه‌کان هه‌ندێ جار بیرۆکه‌ی خۆ له ناوبردنیان هه‌بووه. به‌شێکی زۆریان بیرۆکه‌که‌یان تێپه‌راندوه‌و زۆر دڵخۆشن که هه‌ر له ژیاندان. له کاته زۆر ماتهکانیشدا، پێویسته هه‌وڵ بدرێت که ته‌ماشای داهاتوو بکرێت. هێشتا کاتێک دێته پێشه‌وه، که ده‌زانیت بیرۆکه‌ی خۆ له ناوبردن چیتر ڕابردوه‌و هه‌ست ده‌که‌یت که ژیان شایسته‌ی ژیان کردنه.