ماندوێتی کارکردن

هاڕی (Harri)وه‌ک کارمه‌ندێک له‌ کۆمپانیایه‌کی گه‌وره‌دا کار ده‌کات. به‌رده‌وام به‌ درێژایی ساڵ کاری زۆر هه‌یه‌. به‌ جیا له‌ کاره‌کانی خۆی، هاڕی له‌ مانگه‌کانی ڕابردوودا سه‌رپه‌رشتیاری چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی وه‌رگرتوه‌. پڕۆژه‌کان پێویستیان به‌ سه‌فه‌رکردن هه‌بووه‌و هه‌ندێ جار هاڕی له‌ به‌ینی سه‌فه‌ره‌کانیدا فریای پشوویه‌کی که‌میش نه‌که‌وتوه‌. ئێستا بارودۆخی کار بڕێک ئارام بۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا هاڕی زۆر ماندوه‌. زۆر جار شه‌وان هه‌ڵده‌ستێت‌و بیر له‌ کاری به‌یانی ده‌کاته‌وه‌. له‌ ئێستاوه‌ هاڕی له‌و پڕۆژه‌ تازانه‌ تۆقیوه‌ که‌ به‌ ڕێگه‌وه‌ن. هه‌ندێ جار هه‌ست ده‌کات، که‌ چیتر ناتوانێت کاره‌کانی به‌ ڕێوه‌ به‌رێت.

هاڕی ده‌توانێت چی بکات؟

کاره‌کانی هاڕێ، بۆ ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌ن هێزو توانای لێ بڕیوه‌، که‌ هه‌ندێ جار نه‌یتوانیوه‌ به‌ پێی پێویست پشوو بدات. به‌ هۆی ماندوێتی درێژخایه‌نه‌وه‌، گه‌ڕاندنه‌وه‌ له‌ کاره‌وه‌ بۆ بواری ئاسای، ڕه‌نگه‌ له‌ جاران کاتێکی زیاتر به‌رێت. هه‌روه‌ها پێده‌چێت ئه‌و کارانه‌ی له‌سه‌ر شانی هاڕییه‌، بۆ یه‌ک که‌س زۆربێت.

ماندوێتی کار، به‌ جیا له‌ ماندوێتی، ده‌کرێت چه‌ند نیشانه‌یه‌کی تریشی له‌گه‌ڵدا بێت، بۆ نمونه‌ وه‌ک: به‌ دڵنه‌بوونی کاره‌که‌، بزربوونی خۆشی له‌ کاره‌که‌دا، لاوازبوونی هه‌ست کردن به‌ توانای خۆت‌و کاره‌که‌، نیشانه‌ فیزیکیه‌کان، وه‌ک خورپه‌ی دڵ‌و هه‌ستی گشتی به‌رزبوونه‌وه‌ی سترێس.

باش وایه‌ که‌ هاڕی ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌که‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌که‌ی‌و سیسته‌ری ته‌ندروستی کاره‌که‌ی یان پزیشکی ته‌ندروستی کاره‌که‌ی گفتوگۆ بکات. هه‌روه‌ها ده‌توانێت بیربکاته‌وه‌ له‌ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ که‌سی جێی متمانه‌. ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تتی پشووی داهاتوی هاڕی هێشتا کاتێکی زۆری مابوو‌، یان ئه‌گه‌ر پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی له‌ پشوو، هێشتا هه‌ست به‌وه‌ ناکات که‌ حه‌وابێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌و باش بیت که‌ داوای مۆڵه‌تی پشووی نه‌خۆشی بکات. پێویسته‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ بڕوانینه‌ ماندوێتی کار، چونکه‌ ماندوێتی درێژخایه‌ن ده‌کرێت بۆ نمونه‌ بگاته‌ خه‌مۆکی.

له‌ په‌نا پشوودان‌و مۆڵه‌تی نه‌خۆشیدا، هاڕی ده‌توانێت په‌نا بۆ جێگه‌یه‌ک به‌رێت که‌ کاری به‌رزڕاگرتنی توانای کار‌و ساغبوونه‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت، بۆ نمونه‌: باشبوونه‌وه‌ له‌ کاردا (työelämäkuntoutus)، که‌ KELA پێشکه‌شی ده‌کات. هه‌روه‌ها بۆ نمونه‌ یه‌که‌ی باشبوونه‌وه‌ی سه‌ر به‌ ناوه‌ندی قه‌یرانی SOS جار جار هه‌ندێ کۆرس ڕێکده‌خات، که‌ ئامانجیان به‌رزکردنه‌وه‌ی خۆشگوزه‌رانی کاره‌.

به‌ڵام جێگه‌و ڕێگه‌ی کاره‌که‌ ده‌بێت به‌ شێوه‌یه‌ک بگۆڕدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی له‌ مۆڵه‌تی نه‌خۆشی یان له‌ (کۆرس یان کاری گروپی) باشبوونه‌وه‌دا، جارێکی تر هاڕێ نوقمی ماندوێتی کار نه‌بێته‌وه‌. پێویسته‌ چه‌ندایه‌تی کاره‌که‌، ناوه‌ڕۆکه‌که‌یی‌و به‌رپرسیارێتیه‌که‌ی، به‌ شێوه‌یه‌ک سنوورداربکرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌فه‌ر کردنی زۆرو به‌رده‌وامی کار له‌ ماوه‌ی کورتدا، زۆر که‌س ماندوو ده‌کات.

ئه‌گه‌ر خۆت بتوانیت به‌ شیوه‌یه‌ک کاریگه‌ریت هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی‌و ناوه‌ڕۆکی کاره‌که‌، کۆمه‌کی زۆر ده‌کات به‌‌ کۆنتڕۆڵکردنی سترێسی کار. له‌ هه‌ندێ جێگه‌ی کاردا، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ نییه‌. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هاڕی باشیش ئاگای له‌ خۆی بێت: به‌ پێی پێویست ده‌خه‌وێت، ده‌خوات‌، وه‌رزش ده‌کات‌و هاوڕێیانی ده‌بینیت، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ کاره‌که‌ی خۆی له‌ خۆیدا هێنده‌ ماندوی بکات، که‌ ته‌نها به‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی خۆی نه‌توانێت پێش به‌ ماندوێتی کار بگرێت.

جێگه‌یه‌کی کاری باش‌و کۆمه‌ڵه‌که‌ی، به‌ جددی ڕیسکی ماندوبوونی هاڕی وه‌رده‌گرن‌و کاره‌کان به‌ شیوه‌یک ڕێکده‌خه‌ن، که‌ کارمه‌نده‌کان له‌ جاران باشتر توانایان هه‌بێت. به‌ ئه‌گه‌رێکی زۆره‌وه‌، هاڕێ ته‌نها که‌س نییه‌ له‌ به‌شه‌که‌یاندا یان یه‌که‌که‌یاندا، که‌ ماندوێتی کاره‌که‌ی گه‌شتبێته‌ تینی.