هه‌ڵس‌وکه‌وتی تێکه‌ڵ‌وپێکه‌ڵ

ئاننی (Anni) کوڕێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵی هه‌یه‌ که‌ ناوی یوسسیه‌ (Jussi). یوسسی له‌ شاری لاپێنڕانتا (Lappeenranta) ده‌ژی، که‌ دوو ساڵ پێشتر بۆ خوێندن ڕووی تێکرد. ئاننی خۆی له‌ شاری تامپێڕێ‌ (Tampere) ده‌ژی‌و له‌ ئێستادا ته‌نها چه‌ند جارێک له‌ ساڵێکدا کوڕه‌که‌ی ده‌بینێت. ئاننی ماوه‌یه‌کی درێژه‌ گومانی کردوه‌ که‌ کوڕه‌که‌ی هه‌موو شتێکی باش نییه‌. هه‌ندێ جار له‌ ته‌له‌فوندا یوسسی قسه‌ی تێکه‌ڵ‌و پێکه‌ڵی کردوه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌و (یوسسی) باس ده‌کات که‌ که‌سانی تر بیرکردنه‌وه‌کانی ده‌خوێننه‌وه‌.

ئاننی سه‌فه‌ر ده‌کات بۆ لای یوسیی‌و له‌وێ هه‌ست ده‌کات، که‌ ماڵه‌که‌ی یوسسی زۆر تێکه‌ڵ‌وپێکه‌ڵه‌. هه‌روه‌ها له‌وه‌ ده‌چیت که‌ یوسسی هه‌ندێ شت ببینێ‌و ببیستێ، که‌ ئاننی ده‌زانێت ته‌نها خه‌یاڵین. هه‌روه‌ها یوسسی وازی له‌ خۆشتن هێناوه‌، نایه‌وێت هاوڕێکانی ببینێت‌و ناشچێته‌ ده‌رسه‌کانی قوتابخانه‌. یوسسی نیگه‌رانی باری ته‌ندروستی خۆی نییه‌، ئه‌و پێی وایه‌ ته‌نها شتێک که‌ ژیان سه‌خت ده‌کات، ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی چاودێری ده‌که‌ن‌و ده‌یانه‌وێت له‌ کاره‌کانیدا ته‌داخول بکه‌ن.

ئاننی‌و یوسسی ده‌توانن چی بکه‌ن؟

چاک وایه‌ که‌ ئاننی به‌ شێوه‌یه‌کی هێمنانه‌ هه‌وڵ بدات یوسسی تێبگه‌ێنێت، که‌ ناکرێت بارودۆخه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت‌و پێویسته‌ که‌ یوسسی به‌ زووترین کات سه‌ردانی پزیشک بکات، بۆ نمونه‌ لای ناوه‌ندی ته‌ندروستیه‌که‌ی خۆی یان لای سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی قوتابیان.

ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌‌ که‌ وێڕای هه‌وڵه‌کانی ئاننی، یوسسی ڕازی نه‌بێت سه‌ردانی پزیشک بکات. به‌ڵام ته‌ندروستی یوسسی له‌ مه‌ترسیدایه‌، بۆیه‌ ئاننی ده‌بێت ده‌ست به‌ کار بیت، بۆ ئه‌وه‌ی یوسسی یارمه‌تی وه‌رگرێت. ئاننی ده‌توانیت ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئێشکگری بنکه‌ی ته‌ندروستییه‌وه‌ (Terveysasema) یان به‌ پۆلیکلینیکی ده‌روونی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ بکات، یان ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، په‌یوه‌ندی بکات به‌ ژماره‌ی ته‌له‌فونی فریاگوزاری (112).

یوسسی نیشانه‌ی ده‌روونی هه‌یه‌. زۆرێک له‌وانه‌ی که‌ گرفتی ته‌ندروستی ده‌روونیان هه‌یه‌، خۆیان له‌ بارودۆخه‌که‌یان تێده‌گه‌ن، بۆیه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ره‌ جۆراوجۆره‌کان پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پزیشکدا بڕیار ده‌ده‌ن. به‌لام که‌سێک که‌ نیشانه‌کانی ده‌روونی هه‌بێت، ناتوانێت هه‌میشه‌ ئاگاداری خۆی بیت، ئه‌گه‌ر خۆشی وا باس بکات که‌ ده‌توانێت.

کاتێک که‌ مرۆڤ توانای نییه‌ به‌ هۆی نیشانه‌ ده‌روونیه‌کانه‌وه‌ ئاگاداری خۆی بێت، به‌ گشتی ئه‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت. ئه‌گه‌ر باری یوسسی زۆر لاواز بێت، به‌ڵام خۆی خوازیاری یارمه‌تی نه‌بێت، ڕه‌نگه‌ ئه‌و ڕه‌وانه‌ی (ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵین) چاره‌سه‌ری پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆی بکرێت. له‌وێدا پزیشکه‌که‌ M1ی (به‌ ڕه‌وانه‌ی ئیجباری ناوده‌برێت) بۆ ده‌نووسێت، که‌ یوسسی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌ک تا دۆزینه‌وه‌ی شێوه‌ چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆی.

له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونیدا، باری ته‌ندروستی‌و نه‌خشه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و که‌سه‌ ده‌کێشن که‌ گرفتی هه‌یه‌. درێژی مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌دا به‌ پێی ئاماده‌یی نه‌خۆشه‌که‌ ده‌گۆڕێت، که‌ چۆن ته‌حه‌مولی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماڵه‌وه‌و ژیانی ڕۆژانه‌ی ده‌کات.

پاش گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ ماڵه‌وه‌، نه‌خۆشه‌که‌ له‌ چاره‌سه‌ری ئازاددایه‌: ئه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی ڕێک‌و پێک هاتوچۆی پۆلیکلینکی ده‌روونی ده‌کات‌و سه‌ردانی ده‌روونناس‌و کارمه‌ندانی تری پسپۆڕی ته‌ندروستی ده‌روونی ده‌کات. ڕه‌نگه‌ ئه‌و هاتوچۆی نه‌خۆشخانه‌ی ڕۆژانه‌ بکات، واته‌ به‌شێک له‌ ڕۆژه‌که‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌دا به‌سه‌ر ده‌بات‌و شه‌وانیش له‌ ماڵه‌وه‌، به‌شداری کاری گروپی جیاواز ده‌کات یان کاری تری چاک بوونه‌وه‌.

هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێ کۆمه‌کی ماڵنشین، پێویسته‌. له‌ ماڵه‌ کۆمه‌کبه‌خشه‌کاندا (tukiasunto) کارمه‌ندانی شاره‌زای ته‌ندروستی ده‌روونی لێیه‌، که‌ یارمه‌تی به‌ڕیوه‌چوونی ژیانی ڕۆژانه‌ ده‌ده‌ن. به‌ یارمه‌تی چاره‌سه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو، یوسسی ده‌توانێت پلانی دواڕۆژی دابنێت‌و له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیدا سه‌رکه‌وتوبێت.

ئاننی ده‌بێت ئاگاداری توانایی خۆشی بێت، چونکه‌ نه‌خۆشی سه‌ختی منداڵ، بۆ دایک‌و باوک زۆر گرانه‌. ئه‌گه‌ر ئاننی بیه‌وێت که‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌که‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ که‌سانی شاره‌زادا بکات، ئه‌و ده‌توانێت بۆ نمونه‌ ته‌له‌فون بۆ ژماره‌ی قه‌یران بکات یان په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخراوێکی باشکردنه‌وه‌ی‌ ته‌ندروستی ده‌روونی که‌س‌و کاره‌وه‌ بکات.