تێڕاپی ده‌روونی

تێڕاپی ده‌روونی به‌ مانای جۆره‌ چاره‌سه‌رێک دێت، که‌ بریتییه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان دوو یان چه‌ند که‌سێک. له‌ تێڕاپی ده‌روونیدا مرۆڤ له‌گه‌ڵ تێراپیستی ده‌روونیدا گفتوگۆ ده‌کات یان بۆ نمونه‌ له‌ گروپێکدا له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ ده‌دوێت، که‌ مامه‌ڵه‌کردنی پێویستی به‌ تێڕاپیا هه‌یه‌. له‌ ڕێگای گفتوگۆوه‌ که‌سه‌که‌ هه‌وڵ ده‌دات مامه‌ڵه‌ی ئه‌زموونه‌ سه‌خته‌کان بکات‌و به‌ دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت بۆیان. کاردار لای تێراپیستی ده‌روونی ده‌کرێت یه‌ک که‌س بێت، ژن‌و مێردێک بێت، خێزانێک یان گروپێک بێت. زیاتر ده‌رباره‌ی داواکردنی تێراپی ده‌روونی بخوێنه‌وه‌.

بنه‌مای تێڕاپی ده‌روونی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌کانه‌، به‌ڵام گفتوگۆی ئاسایی نییه‌. تێڕاپی ده‌روونی جۆره‌ چاره‌سه‌رێکه‌، که‌ ئامانجی ڕۆشنی خۆی هه‌یه‌. له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌ هه‌وڵ ده‌درێت گرفتی ده‌روونی یان ئێشه‌کانی تری ژیان که‌ له‌ ڕێگه‌ی کێشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌، لا ببرێت یان که‌م بکر‌یته‌وه‌. لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریانخستوه‌، که‌ تێڕاپی ده‌روونی شێوه‌ چاره‌سه‌رێکی گونجاوه‌ بۆ نمونه‌ بۆ خه‌مۆکی.

هه‌ندێ گروپی شاره‌زا یارمه‌تی گفتوگۆ ده‌به‌خشن‌و زۆر جار قسه‌کردن بۆ که‌سێکی جێگه‌ی متمانه‌ یارمه‌تیت ده‌دات. به‌ڵام ته‌نها ئه‌و که‌سی که‌ تێراپی ده‌روونی خوێندوه‌، ده‌توانیت تێڕاپی ده‌روونی دروست بدات. ده‌رباره‌ی به‌کارهێنانی ناوی پیشه‌ی تێراپیستی ده‌روونی‌و خوێندنی تێراپی ده‌روونی، ده‌توانیت له‌ ماڵپه‌ڕی Valviraی ده‌زگای چاودێری ته‌ندروستی بخوێنیته‌وه‌.

له‌ تێڕاپی ده‌روونیدا ئاڕاسته‌ی جیاواز هه‌یه‌. ئاڕاسته‌که‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ بۆ نمونه‌ له‌ چی گۆشه‌نیگایه‌که‌وه‌ ته‌ماشای کێشه‌که‌ ده‌کرێت. بۆ نمونه‌ ده‌توانین خه‌مۆکی له‌ ڕێگای ئه‌زموونه‌کانی منداڵیه‌وه‌ یان له‌ ڕێگای چۆنێتی بیروباوه‌ڕی که‌سی خه‌مۆکه‌وه‌ ته‌ماشا بکرێت. ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت، کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک هه‌وڵی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌درێت. ئاراسته‌ جیاوازه‌کان یه‌کتر پڕ ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌کرێت له‌ پاڵ یه‌کدا به‌کار بهێنرێن.

به‌ کرده‌وه‌ ده‌روونناسه‌کان چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌ک‌و ئه‌زموونی پێشوو به‌کار ده‌هێنن له‌ چاره‌سه‌ره‌کانیاندا. له‌ ڕوانگه‌ی چاره‌سه‌ره‌وه‌، گرنگترینیان په‌یوه‌ندی نێوان که‌سه‌که‌و ده‌روونناسه‌که‌یه‌ له‌گه‌ڵ چۆنێتی کارکردنیان پێکه‌وه‌.

داواکردنی تێڕاپی ده‌روونی

ده‌کرێت تێڕاپی ده‌روونی داوا بکرێت

  • به‌ شیوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیانه‌، که‌ خه‌رجیاتی چاره‌سه‌ره‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ئه‌سۆتی که‌سه‌که‌ خۆی یان
  • له‌ ڕێگای سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی گشتیه‌وه‌، واته‌ له‌ ڕیگای کۆمه‌کی چاکبوونه‌وه‌ی KELAه‌وه‌

ئه‌گه‌ر خۆت سه‌ربه‌خۆیانه‌ داوای تێڕاپی ده‌روونی ده‌که‌یت، پێویستت به‌ ڕاپۆڕتی (ته‌قریر) پزیشک نییه‌. ده‌توانیت ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌ تێراپیستی ده‌روونیه‌وه‌ بکه‌یت‌و گفتوگۆ بکه‌یت ده‌رباره‌ی ده‌ستپێکردنی چاره‌سه‌رکه‌. له‌ پێناوی تێڕاپیه‌کی باشدا، چاک وایه‌ که‌ تێراپیستێک هه‌ڵبژێریت، که‌ له‌ لایه‌ن Valviraه‌وه‌ مافی به‌کارهێنانی ناوی پیشه‌ی تێراپیستی ده‌روونی پێ درابێت. ده‌توانیت بۆ نمونه‌ له‌ سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی ناوچه‌که‌ی خۆت داوای په‌وه‌ندی تێراپیسته‌ ده‌روونیه‌کان بکه‌یت. له‌ ماڵپه‌ڕی ڕێکخراوی تێراپیستی ده‌روونی هێلسنکی‌و یه‌کیتی ده‌روونناسانی فینله‌ندا لیستی تێراپیسته‌ ده‌روونیه‌کان ده‌دۆزیته‌وه‌.

تێڕاپی ده‌روونی که‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ ده‌ستپێکراوه‌، کارداره‌که‌ خۆی پاره‌که‌ی ده‌دات. نرخه‌کانی تێڕاپی ده‌روونی به‌ پێی ئه‌و جێگایانه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌که‌یان هه‌یه‌ ده‌گۆڕێت. یه‌ک سه‌ردان له‌ ده‌یان ئێورۆوه‌ تا سه‌د ئێورۆی تێ ده‌چێت. سه‌ردانه‌کانیش به‌ گشتی 1 – 3 جاره‌ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا.

تێڕاپی کورت کاته‌که‌ی سنووردار کراوه‌و سه‌ردانه‌کان به‌ گشتی له‌ یه‌ک هه‌تا 20 – 30 سه‌ردان ده‌بێت. تێراپی درێژ له‌و کاتانه‌دا پێویسته‌، که‌ کێشه‌کان زۆر جددین. تێڕاپی ده‌روونی درێژخایه‌ن ڕه‌نگه‌ چه‌ند ساڵ بخاێنێت‌و سه‌ردانه‌کان چه‌ند جارێک بێت له‌ هه‌فته‌یه‌کدا. ئاڕاسته‌ی تێراپی ده‌روونیه‌که‌و هه‌ل‌و مه‌رجی خۆت دیاری ده‌کات، که‌ چه‌ند مانگ یان ساڵ تیڕاپی ده‌روونیت پێویسته‌.

ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگای سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستییه‌وه‌ داوای تێڕاپی ده‌روونی ده‌که‌یت، پێویستت بۆ نمونه‌ به‌ راپۆرتی پزیشک هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخه‌که‌ت‌ له‌گه‌ڵ جۆره‌ چاره‌سه‌رێک بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ، پێش ئه‌وه‌ی بتوانیت له‌ KELA داوای کۆمه‌ک بکه‌یت. سه‌ره‌تا ده‌توانیت بۆ نمونه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پزیشکی بنکه‌ی ته‌ندروستی یان سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی کاره‌وه‌ بکه‌یت. ڕێنمایی زیاتر ده‌رباره‌ی داواکردنی یارمه‌تی تێڕاپی ده‌روونی بۆ نمونه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی ژنی هاوپشتی ناوه‌ندی قه‌یرانی ئه‌تککردن ده‌دۆزیته‌وه‌.

کۆمه‌کی باشبوونه‌وه‌ی KELA (KELA:n kuntoutustuki)

ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 16 - 67 ساڵانه‌، KELA ده‌توانێت کۆمه‌کی باشبوونه‌وه‌یان بکات بۆ تێڕاپی ته‌ک، جووت، گروپ یان وێنه‌. هه‌روه‌ها بۆ لاوانی ته‌مه‌ن 16 - 25 ساڵان ده‌کرێت کۆمه‌ک بۆ تێڕاپی خێزان‌و مۆسیقاش وه‌رگرن. بۆ که‌سانی خوار 16 ساڵ، KELA ته‌نها خه‌رجی تێڕاپی ده‌روونی وه‌ک به‌شێک له‌ خێزانه‌که‌ ده‌به‌خشێت.

به‌ بێ کۆمه‌ک، به‌ گشتی تێڕاپی ده‌روونی زۆر گران ده‌که‌وێت. کۆمه‌کیش ته‌نها به‌ پێی بنه‌مای پزیشکی ده‌به‌خشرێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ تێڕاپی ده‌روونی له‌ ڕێگای پزیشکه‌وه‌ داوای ده‌کرێت. له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا باس ده‌کرێت که‌ چۆن پێویسته‌ کار بکه‌یت، ئه‌گه‌ر بته‌وێ کۆمه‌کی KELA به‌ده‌ست بهێنیت. زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی کۆمه‌کی باشبوونه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی KELAدا ده‌ست ده‌که‌وێت.

"کۆمه‌ک بۆ تێڕاپی ده‌روونی ده‌کرێت به‌ده‌ست بهێنرێت، کاتێک پزیشک هه‌لیسه‌نگاندوه‌ که‌ که‌سه‌که‌ پێویستی به‌ تێڕاپی ده‌روونی هه‌یه‌. به‌ جیا له‌ پێداویستیه‌که‌، ئه‌وه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت، که‌ ئایا ده‌کرێت تێڕاپیاکه‌ که‌سه‌که‌ له‌ خوێندن یان کار چالاک ڕاگرێت."

داواکردنی تێڕاپی ده‌روونی ده‌کریت بۆ نمونه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌:

  • که‌سه‌که‌ خه‌مۆکه‌ یان دڵته‌نگه‌ یان وه‌کوتر هه‌ست به‌ پێویستی یارمه‌تی ده‌کات
  • که‌سه‌که‌ ده‌چێته‌ لای سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی کار، بنکه‌ی ته‌ندروستی یان بنکه‌ی پزیشکی که‌رتی تایبه‌ت
  • پاش چه‌ند سه‌ردانێک، که‌سه‌که‌ دیاریکردنی زانستی ده‌روونی (ته‌شخیس) بۆ ده‌کرێت، واته‌ ئه‌و چاره‌سه‌ری پێویستی ده‌بێت بۆ خه‌مۆکیه‌که‌ی دیاری ده‌کرێت. پزیشکی ده‌روونی، پزیشکی سه‌رپه‌رشتیاری کار یان پزیشکێکی تر دیاریکردنه‌که‌ ئه‌نجام ده‌دات. دیاریکردنه‌که‌ی پزیشک ده‌بێته‌ پیشمه‌رج بۆ به‌ده‌ست هێنانی کۆمه‌ک له‌ KELAه‌وه‌ بۆ تێڕاپی ده‌روونی.
  • پاش دیاریکردنه‌که‌، که‌سه‌که‌ چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌که‌ی وه‌رده‌گرێت، بۆ نمونه‌ گفتوگۆکردن یان/له‌گه‌ڵ ده‌رمان. کاتێک که‌ چاره‌سه‌ره‌که‌ لانی که‌م سێ مانگی خایاندوه‌، پزیشکی ده‌روونی‌، یان پزیشکێک که‌ له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکدا ده‌بێته‌ پزیشکی ده‌روونی، ده‌توانێت هه‌ڵسه‌نگاندنێک بکات ده‌رباره‌ی پێویستی تێڕاپیه‌که‌و ڕاپۆرتێک له‌و باره‌یه‌وه‌ بنووسێت، که‌ تێیدا باس له‌ پێویستی ده‌ست پێکردنی تێڕاپی ده‌روونی بکات.
  • له‌ ڕاپۆرتی پزیشکه‌که‌دا ده‌بێت ڕۆشنکردنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی تێڕاپی ده‌روونیه‌که‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی کاتی خایاندنی تێڕاپی ده‌روونیه‌که‌ له‌ خۆ بگرێت، له‌گه‌ڵ ئاراسته‌که‌ی‌و ئامانجه‌کانیشی. واته‌ پزیشکی ده‌روونی ته‌نها له‌ کاتێکدا پشتگیری بۆ داواکردنی تێڕاپی ده‌روونی ده‌کات، که‌ به‌ بۆچوونی ئه‌و پێویسته‌و به‌ سووده‌.

کاتێک که‌سه‌که‌ ڕاپۆرتی پزیشکه‌که‌ی وه‌رگرتوه‌، ده‌توانێت دواتر:

  • به‌ دوای تێراپیستێکی ده‌روونی گونجاودا بگه‌ڕێت. KELA ته‌نها کۆمه‌کی چاره‌سه‌ر لای ئه‌و تێراپیسته‌ ده‌روونیانه‌ ده‌کات که‌ مۆڵه‌تی ده‌زگای چاودێری Valvira (پێشتر ناویTEO بوو) پێدراوه‌و بۆ به‌کارهێنانی ناوی پیشه‌ی تێڕاپیستی ده‌روونی. بۆ ئه‌مه‌ ده‌کرێت بۆ نمونه‌ لای تێڕاپیستی ده‌روونیه‌که‌ خۆی دڵنیا بیته‌وه‌. هه‌روه‌ها KELAش چاو پیاخشاندنه‌وه‌ی پێدا ده‌کات له‌ کاتی ده‌ستکاری داوانامه‌که‌دا.
  • ئه‌گه‌ر ئه‌و تێڕاپیسته‌ ده‌روونیه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌، پزیشکی ده‌روونی نه‌بێت، ده‌بێت چاره‌سه‌ره‌که‌ له‌گه‌ڵ پزیشکی ده‌روونیشدا ئیدامه‌ی پێ بدرێت.
  • داوای کۆمه‌کی باشبوونه‌وه‌ له‌ KELA بکرێت.
  • چاوه‌ڕوانی بڕیاری داوانامه‌که‌ بێت.
  • ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که‌ ئیجابی بوو، ئه‌وا ده‌توانێت ده‌ست بکات به‌ تێڕاپی ده‌روونی، که‌ KELA کۆمه‌کی ده‌کات.

KELAچه‌نێک خه‌رجی تێڕاپیا ده‌کات؟

KELAبه‌رزترین ئاستی خه‌رجی یه‌ک سه‌ردانی تێراپی دیاری کردوه‌. ئه‌گه‌ر خه‌رجیه‌که‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر بوو، ئه‌وا که‌سه‌که‌ ده‌بێت خۆی (ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌) ته‌واوی بکات. خه‌رجیاتی یه‌ک سه‌ردانی تێڕاپی له‌ چه‌ند ده‌ ئێورۆیه‌که‌وه‌ تا سه‌د ئێورۆ ده‌گۆڕێت. بۆ که‌سانی گه‌وره‌ ساڵان، KELA له‌ 37 تا 45 ئێورۆ خه‌رج ده‌کات بۆ یه‌ک سه‌ردان‌و بۆ لاوانیش 52 تا 60 ئێورۆ بۆ یه‌ک سه‌ردان.

KELA به‌ جارێک بڕیار بۆ یه‌ک ساڵی تێڕاپی ده‌روونی ده‌کات. KELA خه‌رجیاتی سه‌ردانه‌کانی تێڕاپیا له‌ ماوه‌ی ساڵێکدا ده‌کات، که‌ لانی که‌م 25 سه‌ردان بێت‌و ئه‌و په‌ڕی 80 سه‌ردان بێت. ئه‌گه‌ر پێویستت به‌ تێڕاپی ده‌روونی درێژتر هه‌بوو، ئه‌وا KELAده‌توانێت بۆ سێ ساڵ خه‌رجیات بکات. تێڕاپیایه‌ک که‌ سێ ساڵ ده‌خاێنێت، ئه‌وپه‌ڕی خه‌رجیاتی 200 سه‌ردان ده‌کرێت.

ئه‌گه‌رKELAخه‌رجی تێڕاپیه‌که‌ی نه‌کرد چی؟

  • ده‌توانیت له‌ KELAداوای گۆڕانکاری له‌ بڕیاره‌که‌تدا بکه‌یت.
  • ئه‌گه‌ر باری ئابوریت ڕێگه‌ت پێ بدات، ده‌توانیت سه‌ربه‌خۆیانه‌ داوای تێڕاپی ده‌روونی بکه‌یت به‌ بێ کۆمه‌کی KELA. له‌م حاڵه‌ته‌دا پێوستت به‌ ڕاپۆرتی پزیشکی ده‌روونی نییه‌.
  • هه‌ندێ جار ده‌کرێت بۆ تێڕاپی ده‌روونی خه‌رجی نه‌خۆشی وه‌ربگیرێت. باش وایه‌ که‌ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی ئه‌م به‌دیله‌یان به‌ده‌ست بهێنیت پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ تێڕاپی ده‌روونیه‌که‌ بکه‌یت.
  • ئه‌گه‌ر خۆت ناتوانی پاره‌ی تێڕاپی ده‌روونیه‌که‌ بده‌یت، ده‌توانیت له‌گه‌ڵ پزیشکه‌که‌ی خۆت به‌رده‌وام بیت‌و سوود له‌ گفتوگۆی تر وه‌ربگریت له‌ سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی گشتیدا. به‌ جیا له‌ پزیشکه‌که‌ی خۆت، ده‌توانیت بۆ نمونه‌ دیداری ده‌روونناسیش بکه‌یت یان سیسته‌رێک که‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌که‌ی له‌ په‌یوه‌ند به‌ ده‌روونیدایه‌.

"له‌ زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌کانداKELAکۆمه‌کی تێڕاپی ده‌روونی کردوه‌. ساڵی 2009، له‌ تیڕاپی ده‌روونی گه‌وره‌ساڵاندا، 81،7%ی بڕیاره‌کان ده‌رباره‌ی کۆمه‌کی باشبوونه‌وه‌ ئیجابی بوون. ئه‌و بڕیارانه‌ی ڕه‌تکرانه‌وه‌ 13،9% بوون. له‌ تێڕاپی ده‌روونی لاواندا، 82،7% بڕیاره‌کان ئیجابی بوون‌و 12،8%ش ڕه‌تکرانه‌وه‌."

ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ پێوستی تێڕاپی ده‌روونی ده‌که‌یت‌، به‌ڵام پزیشک پشتگیریت بۆ نانوسی

ئه‌گه‌ر ئه‌و پزیشکی ده‌روونییه‌ی چاره‌سه‌رت ده‌کات، پێی وایه‌ که‌ پێویستت به‌ پشتگیری نییه‌ بۆ تێڕاپی ده‌روونی، ئه‌وا ده‌توانیت:

  • سه‌ربه‌خۆیانه‌ داوای تێڕاپی ده‌روونی بکه‌یت
  • داوای شیکردنه‌وه‌ له‌ پزیشکه‌که‌ بکه‌یت، که‌ بۆچی پشتگیریت بۆ نانوسێ
  • پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پزیشکه‌که‌ت چاودێری بارودۆخه‌که‌ت بکه‌ن‌و دواتر هه‌ڵسه‌نگاندنێکی تر بکرێت ده‌رباره‌ی پێویستی تێڕاپی ده‌روونی
  • داوای بۆچوونی پزیشکێکی تر بکه‌یت
  • سوود له‌و یارمه‌تی گفتوگۆیانه‌ بکه‌یت که‌ سه‌رپه‌رشتیاری ته‌ندروستی گشتی پێشکه‌شی ده‌کات

هاوکاری له‌گه‌ڵ تێڕاپیستی ده‌روونیدا

گرنگترین شت بۆ سه‌رکه‌وتنی تێڕاپی ده‌روونی بریتییه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان تێڕاپیسته‌ ده‌روونیه‌که‌و که‌سه‌که‌. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ باش وایه‌ که‌ سه‌ره‌تا سه‌ردانی چه‌ند تێڕاپیستێک بکه‌یت‌ بۆ گفتوگۆکردن‌و دڵنیا بیت، که‌ په‌یوه‌ندیه‌که‌ له‌گه‌ڵ تێڕاپیسته‌که‌دا کار ده‌کات.

له‌ سه‌ره‌تادا تێڕاپیسته‌که‌ ده‌رباره‌ی ڕابردوو و ژیانی ئێستای که‌سه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆکارانه‌ی که‌ گه‌یاندوێتیه‌ لای تێڕاپیسته‌که‌، پرسیار ده‌کات. ئه‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ که‌ پرسیارکردنه‌، به‌ گشتی 1 تا 3 جار ده‌بێت له‌ کاتی چاره‌سه‌ره‌که‌دا. باش وایه‌ سه‌رنجی ئه‌وه‌ بده‌یت، که‌ هاوکاری‌و گفتوگۆکه‌ له‌گه‌ڵ تیڕاپیسته‌که‌دا چۆنه‌. گرنگه‌ ‌هست بکه‌یت که‌ به‌ نرخ ته‌ماشات ده‌کرێت‌و گوێت لێ ده‌گرن‌و هاوکاریه‌که‌تان چالاکه‌.

تێڕاپیستێکی ده‌روونی باش له‌ هه‌ل‌و مه‌رجی تێڕاپه‌که‌دا ئاماده‌یه‌، که‌ بۆ نمونه‌ له‌ دروستی تێڕاپیه‌که‌و سه‌رنجڕاکێشی بۆ ژیانت ده‌رده‌که‌وێت. تێڕاپیست بێ ڕه‌وشتی ناکات‌و ئه‌زموونه‌کانت به‌ که‌م‌و بێ نرخ ته‌ماشای ناکات. به‌ گشتی ئه‌وه‌ش به‌ باش هه‌ژمار ده‌کرێت، که‌ تێڕاپیستی ده‌روونی ئامۆژگاری زۆر ناکات‌و ڕێگه‌چاره‌ت به‌ زۆر ناداتێ، به‌ڵکو ڕێگه‌ ده‌دات که‌ که‌سه‌که‌ خۆی بڕیار بدات، که‌ بۆ چ جۆره‌ گۆڕانێک هه‌وڵ ده‌دات. تێراپستی باش ده‌زانێت له‌کوێدا ده‌توانێت یاریده‌ده‌ری که‌سه‌که‌ بێت‌و له‌ کوێدا ناتوانێت.

به‌ گشتی به‌ خاتری شتێکی سه‌خت سه‌ردانی تێڕاپیا ده‌کرێت‌و زۆر جار مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌ سه‌خت هه‌ستی پێده‌کرێت. دروستتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ناتوانیت خۆتی لێ لابده‌یت. ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ جار له‌به‌ر قورسی مامه‌ڵه‌کردنه‌که‌ بیر له‌ کۆتای هێنان به‌ تێڕاپیاکه‌ یان گۆڕینی تێڕاپیسته‌که‌ بکه‌یته‌وه‌. به‌ڵام باش وایه‌ که‌ هه‌وڵ بده‌یت بارودۆخی گفتوگۆکه‌و کارکردنه‌که‌ی به‌ جیا هه‌ڵسه‌نگێنیت‌، نه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ چه‌نێک قورس هه‌ستی پیده‌که‌یت.

"له‌ تێراپی ده‌روونیدا کار له‌سه‌ر بابه‌تی قورس ده‌کرێت، بۆیه‌ تێڕاپیا گڕو تین ده‌خوازێت. به‌ڵام ڕه‌نگه‌ پاش سه‌ردانه‌کان بیرکردنه‌وه‌یه‌ک یان شتێک بێته‌ مێشکت، که‌ بۆ پێشه‌وه‌ یارمه‌تیت بدات."

باش وایه‌ ده‌رباره‌ی هه‌سته‌کانی خۆت‌و ئه‌گه‌ری کێشه‌کان، به‌ ئازادانه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر بکه‌یت له‌ تێڕاپیادا. ئه‌گه‌ر هه‌ستت کرد که‌ چیتر ناته‌وێ له‌گه‌ڵ هه‌مان تێڕاپیستدا کار بکه‌یت، هه‌میشه‌ ده‌توانیت تێڕاپیستێکی تر تاقیبکه‌یته‌وه‌. به‌ڵام باش وایه‌ که‌ کات بده‌یت بۆ ناساندن پێش هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ تێڕاپیسته‌که‌ چۆن ده‌بێت. بێگومان هه‌ل‌و مه‌رجه‌که‌ ته‌واو جیاوازه‌، کاتێک په‌یوه‌ندیه‌که‌ له‌ باش ناچێت‌و کار ناکات.

ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ جار چاوه‌ڕوانی نا دروست بۆ تیڕاپی ده‌روونی‌و تیڕاپیسته‌که‌ دابنێین. باش وایه‌ تێبگه‌یت که‌ تێڕاپی ده‌روونی سحر نییه‌، که‌ کێشه‌کانی ژیانت لابه‌رێت. هه‌روه‌ها تێڕاپیستی ده‌روونیش له‌ سه‌رو مرۆڤه‌وه‌ نییه‌، که‌ وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌کانتی لا هه‌بێت. ڕۆڵی تێراپیسته‌ ده‌روونیه‌کان ده‌گۆڕێت‌و ده‌کرێت هه‌ندێ جار زیاتر ڕێنمایکه‌ر بێت. به‌ڵام ئامانجه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ یارمه‌تی تۆ بدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ت‌و ڕێگه‌چارانه‌ی که‌ بۆ تۆ گرنگن. مه‌سه‌له‌که‌ ژیانی تۆییه‌، بۆیه‌ تۆش ده‌بێت کار بۆ گۆڕانکاری بکه‌یت. له‌ باشترین حاڵه‌تدا تیڕاپیستی ده‌روونی ده‌توانێت لێره‌دا یارمه‌تیده‌رو پشتیوانت بێت.

"بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ ئه‌وه‌ منم لێره‌دا ئه‌م کاره‌ ده‌که‌م. چاره‌سه‌ری ئاماده‌ بۆ ژیانم هیچ که‌س ناتوانیت پێشکه‌شم بکات."