کێشەکانی بەندبوون

بەندبوونی زەرەرمەندانە دەتوانێ بەهەر ڕەفتارێکەوە یان مادەیەکەوە پێوە ببێ، کە لێوە کەسەکە بتوانێ هەستی خۆشی بەدەستبهێنێ (نانخواردن، مەشروب ومادەی هۆشبەر، قومار....). بەندبوون بەو مانایەیە کە بارێکە، تێیدا کەسەکە ئامادەیە کات و مێشکی خۆی ئێجگار زۆر بۆ بەکاربهێنێ تا بتوانێ مادەیەك بەکاربهێنێ یان ڕەفتارێك ئەنجام بدات، بۆ نموونە یاری قومار.

ئەگەر دەرفەتی بەکارهێنانی مادەیەك یان ئەنجامی رەفتارێك نەبێ، ئەو کاتە کەسەکە هەست بە مەراق و تووڕەبوون دەکات و لەوانەیشە نیشانەی جۆراوجۆری بەندبوونی لێ سەرهەڵبدات. کەسێك کە تووشی کێشەی بەندبوون بووە، سەرەڕای زەرەر وزیانە کۆمەڵایەتی یان تەندروستیەکانیشی بەڵام هەر درێژە بە بەکارهێنانی مادەکە وەیان ڕەفتارەکە دەدات.

بەندبوون دەتوانرێ بە شێوەیەکی کاریگەرانە چارەسەر بکرێت. بەڵام کەسەکە بە سەربەخۆییش دەتوانێ خۆی لێ رزگار بکات. بەرنامەی خۆیارمەتیدەری زۆر بۆ بەندبوونی جۆراوجۆر دانراوە. لە لینکی مەشروب ومادە هۆشبەرەکانی سەر ماڵپەڕ تێست ی جۆراوجۆرو بەهەمان شێوە ئامرازی یارمەتیدەری- خۆی جۆراوجۆر دەبینیتەوە. بۆ خۆ رزگار کردن لە بەندبوون پێویست بە ناسینەوەی کێشەکە دەکات و بەراستی خوازیاری وازهێنان لەو مادەیە یان ڕەفتارەی بوەتە هۆی بەندبوونەکە لە کەسەکەدا هەبێ.

بەندبوون لەوانەیە کۆمەڵایەتی بی، دەروونی یان فیزیکی بێ یان هاوکات هەموو ئەمانە پێکەوە بن. بەندبوونی کۆمەڵایەتی بەو مانایەیە کە بەندبوون بە گروپێکەوە، لەوانەیە مادەیەك بەکاربهێنن کە دەبێتە هۆی بەندبوون، بۆ نموونە لە تەمەنی فێرگەدا کاتێك منداڵەکە دەست بە جگەرە کێشان دەکات بەگشتی لە پەیوەند بە گوشاری گرۆپێکی تایبەتدا فێر دەبێ.

بەندبوونی دەروونی بۆ نموونە کاتێك دەردەکەوێ، کە لە مادەیەکی تایبەتیەوە یان لە ڕەفتارێکەوە کەسەکە فێری بەدەستهێنانی خۆشیەکی خێرا بووبێ یان وەك ڕێگایەکی ناچاری بۆ کاروبارێكی ناڕەحەت و ناخۆش. دەست نەکەوتنی ئەو مادەیە وەیان ئەو کردەوەیەی کە کەسەکە پیوە بەندبووە تووڕەبوون و مەراقێکی ئێجگار بەهێز لەکەسەکەدا پێکدەهێنێ. بەندبوونی فیزیکی لە شێوەی نیشانەی فیزیکی بڕان لەو بابەتەی کەسەکە پێوە بەندە، وەك سەر ئێشە، ئارەقکردنەوە، لەرزین یان بێ خەوی.

لە چوونە پێشەوە و گەشەکردنی بەندبووندا ئەزموونی خوێندەواری، هەل ومەرجی سەختی ژیان و سیفاتی نەریتی دەرکەوتوە کە هەر یەکە لەمانە کاریگەرییان لەسەری هەیە. بەندبوون لەوانەیە کەسەکەی پێ فێرکرابێ واتە بۆ نموونە جگەرە کێشان بووەتە عادەتێك بکێشرێ بۆ کاتکوشتن یان بۆ بارێکی سەخت کە کەسەکە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیدا تووڕەی دەکات وپەنا بۆ جگەرە دەبات. هەروەها بەندبوون لەوانەیە هاوکات لەگەڵ بارێکی سەختی ژیاندا یان لە کاتی قەیرانێکی ژیاندا کەسەکەی پێ تووش بێت، بۆ نموونە کەسەکە هەوڵ دەدات مەراقەکەی بە مەشروب خواردنەوە لەبەین بەرێت.

هەروەها سیفاتە میراتیەکانیش دەرکەوتوە کە کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانی بەندبوون هەیە. بۆ نموونە توانایی بەرگەی مەشروب گرتن کە وەك سیفەتێکی دەگمەنە دەرکەوتوە کە لە هەندێ کاتدا سیفەتێکی میراتیە، کە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەشەکردنی بەندبوون بە مەشروب خواردنەوەوە.

چارەسەرکردنی بەندبوون

بەندبوون لە فنلەندا لە چاو شوێنی تردا گرفتێکی گەورەیە، وە شێوازی خۆری چارەسەری بۆیان هەیە. هەڵبژاردنی شێوازێکی گونجاو بۆ چارەسەری پەیوەندی بە تایبەتمەندی کەسەکەوە هەیە. بۆ نموونە چارسەریەکە دەکرێت تیراپیان قسەوباسکردن بە تەنیا یان لە گرووپدا بێت یان لەگەڵ ئەوانەدا بێت کە لە بەندبوونەکە چاکبوونەتەوە، تێراپیای چالاکی بیت، چارەسەری دەرمانی یان بەرنامەی جۆراجۆری چارەسەری خۆ بێت.

ئەوانەی گیرۆدەی بەندبوون بە مەشروب و مادەی هۆشبەرن بەگشتی چارەسەریەکەیان لە رێگەی بنکەی تەندروستیەکەیانەوە، فەرمانگەی سۆشیالی شارەوانیەکەوە، خزمەتگوزاری تەندروستی کار وخوێندنەوە دەست پێ دەکەن. لە زۆرێك لە شارەوانیەکاندا کلینیکەکانی- A سەبارەت بە چەندین شێوەی بەندبوون چارەسەری بە کەسە تووشبووەکان وهەروەها بە کەسوکاریشیان پێشکەش دەکەن. شوێنی چارەسەری تر بریتین لە بنکەکانی لاوان، بنکەکانی چارەسەردابڕان  و خزمەتگوزاری مەڵبەندەکانی بووژاندنەوە بۆ کێشەی مەشروب و مادەی هۆشبەر. سەبارەت بەو یارمەتیانەی بۆ ئەوانەی بەندبوون بە قومارەوە ئەم شوێنانە یارمەتی دەدەن: چالاکی هەروەها  Peluuri.

کەسانێك کە بەدەست بەندبوونەوە دەڕەنجن بە گشتی باشتر وایە پیاچوونەوەیەك بەسەر هەموو ژیانیدا بکرێتەوە. چۆن بەندبوونەکە دەستی پێکرد؟ هۆی تووشبوون بە بەندبوونەکە لەوانەیە چی بێ؟ ئایا من بۆ نموونە لە کاتی سترێس و مەراقدا مەشروب یان مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنم، چۆن چۆنی دەتوانم لەو کاتانەدا بەشێوەیەکی تر ڕەفتار بکەم؟ ئایا دەتوانم لە ژیانمدا کاریگەریم هەبێ لەسەر ئەو بابەتانەی، کە هانم دەدات بە شێوەیکی زیانبارانە بەرامبەر بە خۆم ڕەفتار بکەم؟ چی دەتوانم لە جیاتی بەکارهێنانی مادە زیانبارەکان یان لەجیاتی ئەو رەفتارانەی بەندبوون ناچارم دەکات، بیکەم؟

خۆ ڕزگار کردن لە بەندبوون بە گشتی پێویست بە شێوەیەك لە ئاڵوگۆڕ لە رەفتاری خۆدا دەکات. بۆ چاکبوونەوە لە بەندبوون دەبێ بە دیقەتەوە نەخشەیەك لەوەپێشەوە دارێژرێت، کە چۆن لەو کات وهەل ومەرجانەدا دەبێ ڕەفتار بکرێ، واتە لەو کاتانەدا کە بۆت سەختە لەبەرامبەر مادە زیانبارەکاندا یان ئەو کردەوە زیانبارانەی پەنای بۆ دەبەیت، ڕاوەستی. بۆ هەندێ کەس خۆ نەجات دان لەدەست بەندبوون لەوانەیە لە چاو کەسانی تردا ئاسان بێت، بۆ هەندێ کەسی تر لەوانەیە پێویست بە ئاڵوگۆڕی گەورەتر لە بیروبۆچوون، ڕەفتار و شێوازی ژیاندا پێکبهێنێت.

زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەندبوون و چارەسەریەکانیان لە کلینیکی مادە زیانبارەکان(Päihdelinkistä) بەدەستی دەهێنیت.

بەندبوون بە مەشروبەوە

هەموو ئاگادارن کە بەکارهێنانی ئێجگار زۆری مەشروب کەسەکە تووشی گیروگرفتی تەندروستی دەروونی دەکات. لەوانەیە مەبەستەکە ئەوە بێ گوایە بە مەشروب خواردنەوە مەراق و ترس بۆ نموونە لە بارە کۆمەڵایەتیەکاندا یان لە بارە قەیرانیەکانی ژیاندا دەڕەوێنرێتەوە. مەشروب بەکارهێنانی بەردەوام و زوو زوو تەنیا مەراق و خەمۆکی زیاتر وخراپتر دەکات و حاڵەتی تۆقین لەکەسەکەدا پێكدەهێنێت. هەروەها مەشروب چۆنیەتی خەویش خراپ دەهێنێتە خوارەوە، هەربۆیە مەشروب دەرمانی بێخەوی نیە.

بەدەستهێنانی یارمەتی بۆ مەراق لەجیاتی مەشروب پێویستە داوای بۆ نموونە تێراپیای دەروونی بکرێت، لە خزمەتگوزاری تەندروستی کار یان لە خزمەتگوزاری تەندروستی شوێنەکانی ترەوە، لە مەڵبەندی قەیرانەوە (kriisikeskuksesta) لە کارگێڕی قەیرانەوە یان بۆ نموونە لە رێگای قسەوباسکردنەوە سەبارەت بە بارەکانی ژیانت لە ماڵپەڕی پشتیوانیەوە(Tukinetissä) لەگەڵ کارگێری تایبەتی کەسی خۆت یان لەگەڵ گروپەکاندا. ئەگەر بەکارهێنانی مەشروب ئەوەندە گەشەی کردبێت کە گەیشتبێتە ئاستی بەندبوون، ئەگەری بوونی گرفتێکی دەروونی لەم نێوەدا دەکرێت گیروگرفت بۆ چارەسەریەکە پێکبهێنێت.

بۆ ئەو کەسانەی بەندی مەشروبن واتە ئەلکحولیستن بە هۆی زیادە ڕەوی لە خواردنەوەی‌دا سیفەتە بەناچار زیانبارەکانی مەشروب، زیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەبینن. بە گشتی ئەوانەی بەندن بە مەشروبەوە توانایی مەشروب خواردنەوەیان دەچێتە سەرەوەواتە ئەوان ناچارن لە جارانیان زیاتر بخۆنەوە تا دەگەنە ئەو ئاستە لە مەست بوون کە پێشووتر پێی دەگەیشتن. هەروەها بۆ ئەوانەی بەردەوام بەکاری دەهێنن نیشانەکانی کاتی لێبڕانی بە شێوەیەکی بەهیز تیدا دەردەکەوێ. بەندبوون بە مەشروبەوە دەشتوانێ بەبێ چوونەسەرەوەی تۆلێرانس (بەرگەی ئەلکحول گرتن) وەیان بەبێ دەرکەوتنی نیشانەکانی کاتی لێبڕانی مەشروب لە کەسەکەدا دەربکەوێت. توانای زۆر باشی بەرگەگرتنی ئەلکحول تەنانەت ریسکی سەرهەڵدانی بەندبوون بە مەشروبەوە زیاتر دەکات.

کەسێك کە تووشی بەندبوون بە مەشروبەوە بووە بۆی سەختە کۆنترۆڵی خواردنەوەی مەشروبەکەی بکات: ئەو بە ئاسانی مەشروب لەوەی کە نەخشەی بۆ داناوە زیاتر دەخواتەوە یان دوورودرێژتر بۆی دادەنیشی، بۆ چاکبوونەوە لە کێشەی مەشروب خواردنەوە کاتێكی زۆری دەوێ و کەسەکە ناتوانێ تەنانەت یان نایەوێت خواردنەوەی مەشروب کەم بکاتەوە یان وازی لێبهێنێت سەرەڕای زیان و گیروگرفتێكیش کە بەشوێن خۆیدا دەیهێنێت.

لەکاتی گەشەکردنی بەندبوون بە مەشروبەوە زەمینەی هۆکاری مێراتی کاریگەری بەرچاوی هەیە. بۆ کەسێك کە لە جێنەکانیدا ئامادەیی تووشبوونی بە نەخۆشی ئەلکحولیزم هەیە، ئەوا بەردەوام بەکارهێنانی مەشروب ئاڵ وگۆڕ لە کاری مێشکدا پێكدەهێنێ. بۆ ئەم کەسانە کۆنترۆل کردنی مەشروب خواردنەوە یان کەم کردنەوەی لەوانەیە ئیمکانی نەبێ، هەر بۆیە تەنیا رێگایەك کە لە بەردەمیاندا هەیە بەتەواوی وازلێهێنانیەتی. چارەسەرکردنی بەندبوون بە مەشروبەوە دەتوانرێ بۆ نموونە لە رێگەی بنکەی تەندروستی خۆوە، فەرمانگەی سۆشیالەوە یان لە کلینیکی- A (A-klinikan)داوا بکرێت.بۆ بەندبوون بە مەشروبەوە چەندی شیوازی جۆراجۆری چارەسەری و بنکەی چارەسەری هەیە.

نمونەی ئەزموونی کەسەکان سەبارەت بەم بابەتە بخوێنەرەوە لە هاوکات گیروگرفتی مادەی زیانبەخش وتەندروستی دەروونی

بەندبوون بە دەرمانەوە

بڵاوترین ئەو دەرمانانەی کەسەکە تووشی بەندبوون دەکات بریتین لەوانەی کاریگەری خێرایان هەیە لەسەر مەراق و بێ خەوی وهەروەها ئەوانەش کە بەمەبەستی چارەسەری ئازار دروست کراون. بۆ نموونە کاریگەری دەرمانی خەمۆکی بە گشتی دوای چەندین هەفتە دەست پێ دەکات هەر بۆیە بەکارهێنانیان بە هەڵە یان بەندبوون پییان ئەگەری زۆر کەمە. بەندبوون بە دەرمانەوە ئەگەرەکەی زۆرتر بەو دەرمانانەیە کە، بە خێرایی هەستێکی خۆشی تایبەتی دروست دەکات، و ئەوانەی ئامادەییان تێدایە کە دەرمانەکە کاریگەری فیزیۆلۆجی لەسەر دابنێت واتە لە جەستەیاندا نیشانەی وازهێنان لە بەندبوون هەبێ وەك مەراق و سەەرئێشە.

بۆ بەرگرتن بە گەشەکردنی حالەتەکە بەرەو بەندبوون بە دەرمانەوە بۆ نموونە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەری مەراق و بێخەوین دەبێ بەگوێرەی ڕێنوێنی دوکتۆر بەکاربهێنرێت. ئەگەر دەرمانەکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەکارهاتبێت ئەوا لە قۆناغی واز ڵیهێنانی‌دا، بە گشتی دوکتۆر رێنوێنی دەدات کە ژەمەکانی وردە وردە کەم بکرێتەوە بۆ بەرگرتن بە نیشانەکانی وازلێهێنان لە دەرمانەکە. ئەگەر کێشەکە تازە گەیشتبێتە ئاستی بەندبوون بە دەرمانەوە ئەوا دەتوانرێ بۆ نموونە لە رێگەی بنکەی تەندروستیەوە یان لە رێگەی کلینیکی- A (A-klinikan) وە داوای یارمەتی بکرێت. سەبارەت بە بەندبوون بە دەرمانەوە و داوای یارمەتیش بۆی زانیاری زیاتر لە لینکی مادە زیانبەخشەکانەوە (Päihdelinkistä) بەدەست دەهێنیت.

بەندبوون بە ئینتەرنێتەوە

کاتێك باسی بەندبوون بە ئینتەرنێت دەکرێت پرسیارەکە لەسەر ئەوە نیە کە، چەندە ماوە لەسەر ئینتەرنێت بەسەر دەبەیت، بەلکوو باسەکە لەسەر زەرەر وزیانێكە کە بەهۆی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە کەسەکە تووشی دەبێت بۆ نموونە کە لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی و تەندروستی‌دا دایدەنێ. کە سێك کە تووشی بەندبوون بە ئینتەرنێتەوە بووە هەست دەکات حەزێك بە زۆر پاڵی پێوە دەنێ تا کات بەسەر ببات بۆ نموونە لە فۆرومی قسەوباسەکاندا، چاتەکاندا یان لە ماڵپەڕە سێکسیەکاندا. بەندبوونەکە لەوانەیە لەوەدا خۆی نیشان بدات کە بۆ نموونە گوشارێك پاڵ بە کەسەکەوە دەنێ بۆ زوو زوو سەیر کردنی ئیمەیلەکەی. بەندبوون مەرج نیە ئینتەرنێتەکە خۆی بگرێتەوە، بەڵکو واقیعیەتێکی بە فەرز گیراو کە دەرفەتێك دەدات تا بۆ نموونە کەسەکە هەڵچوون یان خۆشیەکی دیارینەکراو تاقی بکاتەوە.

بەندبوون بە ئینتەنێتەوە هێشتا دیاریدەیەکی تازەیە، هەربۆیە هێشتا نەتوانراوە پێناسەیەکی ڕوونی بۆ بکرێت. بۆ بەشی هەرە زۆری خەلك بەکارهێنانی ئینتەرنێت کارێکی بەکەڵك و بێ زیانە و بۆ بەشێکی تر بەکارهێنانی لە بەندبوون زەرەرێكی کەمتر پێك دەهێنێ. ئەگەر هەست دەکەیت لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتەکەتدا زیادە ڕەویت کردوە، بۆتە هۆی ئەوەی هەست بەخەتا بکەیت، و ئیمکانی ئەوەش کە تەندروستی و بنەمالەکەتت بۆ پشت گوێ خستوە، ئەوا پێویستە سەرنجێكی ئەو بەکارهێنانەی خۆت بدەیت. سەبارەت بە بەندبوون بە ئینتەرنێتەوە و داوای یارمەتیش بۆی ئەوە زانیاری زیاتر لە لینکی مادە زیانبەخشەکانەوە (Päihdelinkistä) بەدەست دەهێنیت.

بەندبوون بە قومارەوە

یاری قومارکردن بە پارە لە فنلەندا بووە بە شێوازێكی خوازراوی خۆشی بەسەربردنە. بەیارمەتی قومارکردن لەوانەیە کەسەکە بیهەوێ دەوڵەمەند ببێ یان هەست بە هەڵچوون وخۆشیەك دەکات یان بەگشتی کاتی پێ بەسەر ببات. کەسێك کە تووشی بەندبوون بە قومارەوە بووە چیتر ناتوانێ یاریکردنەکەی کۆنترۆڵ بکات و ئەوە بۆ خۆی دیاری بکات، کە لە یاریەکەدا دەیەوێ چەندە پارە بەکاربهێنێ. قومارکردن لەوانەیە بۆ ئەوانەی تووشی بەندبوون بوون هەست بە تەریق بوونەوە و مەراقێکی قورس بکەن، بەڵام ناشتوانێ دەستێ لێ هەڵبگرێت. لەوانەیشە قورمارکردن بۆ ئەو کەسەی بەندبووە بە قومارکردنەوە وەك ڕێگایەکی ناچاری رۆژانەی کە بەیارمەتی قومارەکە بیەوێ هەوڵی لە بیردنەوەی بابەتی مەراقدەرانە و هەستی ناخۆشی پێ بدات.

بەندبوون بە قومارەوە لەوانەیە کەسەکە لە کۆنترۆڵ کردنی باری ئابووری خۆی وهەروەها لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکانی‌دا و لە ژیانی کاریشی‌دا تووشی گیروگرفتێکی زۆر خراپ بکات. کاتێك کەسەکە تووشی بەندبوون بە قومارەوە دەبێ لەوانەیە هاوکات تووشی خەمۆکی یان بەندبوون بە مادە زیانبەخشەکانەوە بووبێ کە خەمۆکیەکە تووشی بەندبوون بە قوماریەوە کردوە یان ئەو گیروگرفتانەی بە هۆی بەندبوونەکە ڕووبەڕووی بوەتەوە تووشی خەمۆکیشی کردوە. چونکە بە گشتی کەسەکە هەوڵ دەدات بەندبوونەکەی لە کەس وکاری بشارێتەوە، بە گشتی کاتێك ئاشکرا دەبێت کە گیروگرفتەکانی قومارکردنەکەی لەسەر کۆ دەبێتەوە.

زۆرێك لە لایەنەکان بۆ ئەو کەسانەی بە قومارکردنەوە بەندبوون یارمەتی و چارەسەرکردن رێکدەخەن، بۆ نموونە کلینیکەکانی- A و Peluuri یارمەتی دەدەن بۆ کاتێك کە قومارکردنی کەسەکە لەدەستی دەرچووبێت. زانیاری زیاتر سەبارەت بە بەندبوون بە قومارەوە لە لینکی مادە زیانبەخشەکانەوە (Päihdelinkistä) بەدەست دەهێنیت.