گرفتی نانخواردن

گرفتی نانخواردن گرفتی تەندروستی دەروونیە، کە پەیوەندی کەسەکە بە خواردنەوە، بە جووڵانەوە، بۆچوونی خۆ لەسەر بەدەنی (بۆچوونی لەسەر ئەوەی کە ڕواڵەتی چۆنە و دەموچاوی چۆن دەنوێنێ) یان بەگشتی تێگەیشتنی لەخۆی کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی هەیە. گرفتی نانخواردن بەو مانایەیە کە بۆنموونە بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم خواردن یان ئێجگار زۆر خواردنە، هەڵهێنانەوەی خواردنە یان بەزۆر خۆ جووڵاندنە.

گرفتی نانخواردنێك کە لە هەمووی زیاتر بڵاوە بریتیە لە ئەنۆرێکسیا نێرڤۆسایە (کە بە گشتی پێی دەگوترێ ئەنۆرێکسیا)، بولیمیا و گرفتی پڕخۆری. هەروەها لە گرفتی نانخواردندا دەکرێت نیشانەی هەموو ئەوانەی تیدابیت. گرفتی نانخواردن بە شێوەیەکی گشتی پێکهاتەیەکە لەو گرفتانەی چێنبەندی کراون، بۆ نموونە ئەنۆرێکسیا بەشێوەیەکی ڕێژەیی بەدەگمەن دەردەکەوێ و ڕێك بەو شێوەیەی کە لە دۆزینەوەی گرفتەکەدا سیفاتەکانی باس کراوە.

خاڵی هاوبەشی هەموو ئەوانەی گرفتی نانخواردنیان هەیە بریتیە لە ڕقیان لەخۆیانە، مەراق و خەمۆکیان لەگەڵدایە، گۆشەگیری و رەفتاری زۆرکردن لەخۆ لە پەیوەند بە خواردنەوە بۆ نموونە نەخواردنی هەندێ خواردەمەنی یان تەنیا خواردنی مادەیەکی خۆڕاکی دیاری کراو.لە زۆربەی ئەو گرفتانەدا شێوەیەك لە خۆ سزادانیش لەکەسەکەدا هەیە، بۆ نموونە دوای نانخواردن کەسەکە خۆی ناچار دەکات کە دەرێك ڕابکات کە لە ڕاکردنی ئاسایی قورسترە.

خۆلاوازکردن، وەرزشی زیادەڕەو یان بەرەوام بەئەنقەست خواردن هەڵهێنانەوەی وەك نەخۆشی دەتوانێ زیانی هەمیشەیی لەسەر ئەندامەکانی لەشی کەسەکە دابنێ. نەخۆشێك کە گرفتی خواردنی هەیە بەزۆری خەمۆکیشی لەگەڵدایە یان هاوکات گرفتێکی تری تەندروستی دەروونی هەیە.

گرفتەکانی خواردن هیچ وابەستە نیە بە تەمەن و ڕەگەزەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشی هەرەزۆری ئەو کەسانەی نەخۆش دەکەون کچانی لاو و ژنانن. گرفتەکانی خواردن لەباری مێژوویەوە دیاریدەیەکی نوێ نیە، بەڵام لە دوای ساڵەکانی ١٩٦٠ وە لەو باوەڕەداین لەگەڵ هاتنی مۆدەی لاوازی خوازی جوانخوازیدا ئەم گرفتە بڵاوبووەتەوە.

نەخۆشی گرفتی نانخواردن بە خێزانەکەیەوە بەگشتی پێویستی بە یارمەتی دوکتۆر، پزیشکی دەروونناس یان دەروون زان وتێراپیستی خواردنناس. لەپەیوەند بە ئەنۆرێکساوە سەرەتا ئەوە گرنگە کە کێشی نەخۆشەکە بگەیەنرێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی و بەرنامەی خواردنەکەیشی ئاسایی بکرێتەوە. بۆ گرفتی پڕخۆری خوڵانەوە لە بازنەی نێوان خۆ لاوازکردن و پڕخۆری‌دا هەوڵدەدرێت بپچڕێندرێ.

شێوازی جۆراوجۆری چارەسەری هەیە لەوانە ڕاوێژگای بەرنامەی خواردن تێراپیای دەروونی. تێراپیای دەروونی یارمەتی نەخۆشەکە دەدات کە لە باری ژیانی خۆی تێبگات و ئەگەری هۆکانی تووشبوونی بە نەخۆشی ببینێتەوە. تێراپیان دەروونی دەتوانی بۆ نموونە تێراپیای یەك کەسە ویان گروپی بێت کە هاوکاتی لەگەڵیشی لەوانەیە ئەگەر پێویست بکات دەورەی چارەسەری نەخۆشخانەیشی لەگەڵدا بێت.

ئەنۆرێکسیا

کەسێك کە کێشی نۆرماڵە و تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبێ بە بۆچوونی خۆی قەڵەوە و دەست دەکات بۆ خۆ لاوازکردن. ئەو نەدەتوانێ و نەدەیەوێ واز لە خۆلاوازکردن بهێنێت، کە ئیتر کێشی لە چاو باڵایدا بە شێوەیەکی مەترسیدار کەم دەکات. کەسەکە هەوڵ دەدات کێشە نزمەکەی رابگرێ ئەویش لەرێگەی ئەوەی بەبەردەوامی ئێجگار کەم دەخوات و زیادە لە حەدیش دەجووڵیت. لە دۆزینەوەی ئەنۆرێکسیادا سیفاتەکانی بریتین لە ترسی قەڵەوبوونێکی ئیجگار زۆر، دابەزینی کێش بۆ خوار ٨٥% کیشی نۆرماڵ، بە جددیەوە حاشا کردن لەوەی کێشی لە خوارەوەیە و ژنانیش عادەتی مانگانەیان دەبڕێت.

کەسانێك کە تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبن بەزۆری لە پەیوەند بە خواردن و جووڵانەوە نەریتی زۆرکردن لەخۆیان هەیە. بۆ نموونە لەوانەیە ئەوانە تەنیا هەندێ مادەی خواردەمەنی بخۆن و زۆر بەتوندی بەلای هەندێكی تردا نەچن هەروەها وەرزشێکی زۆر بکەن کە جیگای نیگەرانیە. هەندێ جار پێش ئەوەی کەسەکە تووشی خەمۆکی ببێت تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبێت. لەوانەیشە خەمۆکی هاوکات لەگەڵ نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەربکەوێت.

لەڕ ولاوازی هەستی هوشیاری نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دیاری دەکات

سەرنجی ئەوە دراوە ئەوانەی تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبن بەزۆری کچانێکن کە لە کەسانی تر ماندوونەناس تر، زیرەکتر و بەئەمەكترن. ئەوانەی نەخۆش دەکەون لەوانەیە لەچاو حاڵەتە گشیەکە بۆیان سەختتر بێت هەستە نێگەتیڤەکانیان دەرببڕن، وەکوو کاتی دڵشکاندنیان و تووڕەبوونیان. ئەوانەی ئەو نەخۆشیە دەگرن بەزۆری چاوەڕوانی وئامانجی بەرز و لەسەرەوە بۆ زۆربەی بەشەکانی ژیانیان دادەنێن و چاوەڕوانیان لەخۆیان ئێجگار زۆرە.

بەهەرحاڵ پێویستە ئەوەشمان لەبیر بێت، کە هەموو ئەوانەی تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبن مەرج نیە ئەو باسانەی سەرەوە بیانگرێتەوە: مندالان، گەورەساڵان، ژنان وپیاوان بۆیان هەیە تووشی ئەنۆرێکسیا بن. بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبن لەڕ و لاوازبوون بۆیان دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی باوەڕبەخۆبوون تێیاندا و چوونە سەرەوەی کێشیش دەبێتە هۆی هەست بە کەم کردن و خۆ بەکەم زانین بۆیان.

تووش بوون بەم نەخۆشیە بۆی هەیە لە ژێر کاریگەری ئەو هەڵوێست و نموونانەی لە میدیا و دەوروبەری نزیكدا بەرچاو دەکەوێ

لە کەلتوورەکەماندا لەڕ و لاواز بوون زۆر جار بە سەرکەوتووی و شادبوون پەیوەند دەدرێتەوە. نموونەی جوانی کە دەبینرێ ژنێکە کە کێشی لە کێشی نۆرمال لە خوارترە. خۆ باریك ولەڕکردن لەوانەیە لە لاوێکدا هەست بکات کە ئەوە رێگا چارەیەکە بۆ کێشەکانی و لە سەرەتایشەوە لەوانەیە هەستی ئەزمونی خۆکۆنترۆڵ کردن لەلای کەسەکە دروست بکات.

خۆ لەڕ و لاوازکردن وەك نەخۆشیەك و بەزۆر بە‌هەر حاڵ لە باری فیزیکی وهەروەها دەروونیشەوە بۆ تەندروستی کەسەکە زۆر مەترسیدارە. خۆ لەڕ کردن لەوانەیشە ئاڵ وگۆڕ لەژیاندا پێك بهێنێت، وەکوو جیابوونەوە یان گۆڕینی فێرگە یان بۆ نموونە خەلکانی تر لەسەر ڕواڵەتی کەسەکە سەرنج دەدەن.

لەنێو کەس وکاری نەخۆشە ژنەکاندا لەچاو شوینی تردا ئەنۆرێکسی زیاتر دەردەکەوێ. داب ونەریت و هەڵوێستیك کە لەناو خزم وکەس کاردا لە کەسێکەوە بۆ یەکیکی تر دەگوێزرێتەوە بەشێك لە نیشانەی بەرزی تووش بوون بەو نەخۆشیە نیشان دەدات، بە پیی لێکۆڵینەوەی دوو لایەنە وا دەردەکەوێ کە ئەنۆرێکسیا پەیوەندیشی هەیە بە کارکردی هێشتا نەزانراوی مێراتی بۆ ئامادەیی تووش بوونی کەسەکە بەو نەخۆشیە.

ئەنۆرێکسیا نەخۆشیەکی قورسە، بەڵام بەشی هەرە زۆری نەخۆشەکان بەباشی چاك دەبنەوە

ئەنۆرێکسیا نەخۆشیەکی قورسە، کە مەترسی مردنیشی هەیە وەك ئاکامی زیادەڕەوی لە خۆ لەڕ وڵاوازکردندا. بۆیە گرنگە لە کاتی خۆیدا شوێن چارەسەر بکەویت. هەڵبژاردنی شوێنی چارەسەریەکە کاریگەر و پەیوەندی هەیە بە کێش و باقی بارە تەندروستیە فیزیکەکانی نەخۆشەکە وهەروەها بە مۆتیڤی چارەسەریەکەوە.

بەگشتی چارەسەریەکە وەک چارەسەری ئازاد جێبەجێ دەکرێت، بەلام بۆ حاڵەتی قورس پێویست بە چارەسەریش لە نەخۆشخانە دەکات. بۆ نموونە لە ئاکامی خۆ لەڕ ولاوازکردندا هاتنە خوارەوەی مەترسیداری دڵ لێدان یان گوشاری خوێن، گرفت لە هاوسەنگی مێتابۆلیکی یان ئاڵوگۆڕ لە کاردیۆگرامدا (EKG) یان گیروگرفتی زۆری تەندروستی دەروونی ئەو هۆیانەن کە پێویست بە چارەسەرکردنی کەسەکە لە نەخۆشخانەدا دەکات. مەبەست لە چارەسەرکردنەکە چاکردنەوەی کاریگەی کەم خۆراکەیە لە بەدەندا، نۆرماڵ کردنەوەی نان خواردنی کەسەکە و لەناوبردنی گرفتە دەروونیەکانیش. کەوایە مەبەستەکە کاریگەری دانانە لەسەر نان خواردن وهەروەها باری دەروونی کەسەکە.

بە شێوەی ئاسایی چارەسەریەکە بە هاوکاری لەگەڵ نەخۆشەکە و بنەماڵەکەی، دوکتۆر و باقی کارمەندانی چارەسەریەکە و هەروەها ئەگەر بکرێ لەگەڵ فێرگەش‌دا ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ نەخۆشەکەدا لەپەیوەند بە نان خواردن و وەرزشدا گرێبەس دەبەسترێ و کێشیشی چاودێری دەکرێت. کاتێأك چارەسەریەکە بەرەوپێشەوە دەچێت، دواتر لەگەڵ نەخۆشەکەدا لەجیاتی چاودیری کردنی کێشی لە پەیوەند بە بیروبۆچوونی و هەستەکانی قسەوباس دەکرێت.

ئەوانەی تووشی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا دەبن بێجگە لە تێراپیای دەروونی تایبەتی یان تێراپیای خێزانی لەوانەیە پێوێستیان بە چارەسەری تر هەبێ. ئەگەر لەگەڵ ئەنۆرێکسیادا کەسەکە خەمۆکیشی هەبێ، دەکرێت چارەسەری دەرمانی کەڵکی هەبی. هەروەها دەکرێت گرووپی چالاکی جۆراجۆر دەکرێت چاکبوونەوەکە بەرەوپێش ببات، وەکوو تێراپیای هونەری. سەرەڕای ئەوەی کە ئەنۆرێکسیا نەخۆشیەکی زۆر قورسە، بەشی هەرەزۆری نەخۆشەکان بەباشی چاکدەبنەوە.

لێکۆڵینەوە لەم نەخۆشیە کراوە کە وەك رێژەی ناوەڕاست لە ژنانی فنلەندیدا ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت. لەم ماوەیەدا نەخۆشیەکە دەکرێت بەشیوەیەکی ئێجگار زۆر وبەرچاو ژیانی نۆرماڵی کەسەکە سنووردار بکات، بەڵام ئەوانەی لە ئەنۆرێکسیا چاکبوونەتەوە دیقەت کراوە کە بەهەمان شیوەی کەسانی تری هاوتەمەنەکانیان بەشداری لە ژیانی کار وخوێندن دەکەن و هەروەها پەیوەندی خۆشەویستی دەبەستن و منداڵیان دەبێ. هەروەها ئەوانەی چەندین سال نەخۆشی ئەنۆرێکسیایان گرتوە دەتوانن بەباشی چاکببنەوە، لەبەر ئەوە پێویستە کەسانێك کە تووشی ئەنۆریکسیا دەبن داوای یارمەتی بکەن. سەبارەت بە داواکردنی یارمەتی >زیاتر بخوێنەرەوە.

بوولیمیا

نیشانەکانی بوولیمیا بریتین لە حاڵەتێك کە بەردەوام بەسەر کەسەکەدا دێت و تێیدا کە پڕخۆری دەکات، و دوای ئەوانە ئینجا بە زۆر خۆی دەڕشێنێتەوە. هەروەها بوولیمیا ترسێکی تایبەتە لە قەڵەوبوون و سەرنج خستنە سەر و چاودیریکردنی کێشی کەسەکە خۆیەتی. ئەوانەی بوولیمیایان هەیە کاتی پڕخۆریەکەیان بە گشتی بە دزی کەس وکاریانەوە ئەنجام دەدەن و دواتر بۆی دەبیتە هۆی تەریق بووەنەوەی ئێجگار زۆر.

ئەوەی تووشی بوولیمیا بووە لەو کاتەدا کە حاڵەتی پڕخۆڕیەکە لە سەری دەدات، دەبینێت کە ناتوانێ دەست لە خواردن هەڵگرێت یان ناتوانێت ئەندازەی نان خواردنەکەی کۆنترۆڵ بکات. لەوانەیە کەسەکە هەوڵ بدات بەر بە چوونەسەرەوەی کێشی خۆی بگرێت ئەویش لە رێگەی هەڵهێنانەوەی خواردنەکەی خواردوویەتی ویان بە یارمەتی دەرمانی ئاوی لەش فرێدان، دەرمانی پیسایی، ڕۆژووگرتن یان ئەنجامدانی وەرزشێکی ئێجگار زۆر. ئەوانەی تووشی نەخۆشی بوولیمیا بوون خواردن هەڵهێنانەوەکەیان تەنیا بۆ کاتی پڕخۆریەکەیان نیە، هەندێك لەوانەی ئەم نەخۆشێیان هەیە بۆی هەیە تەنانەت ئەگەر بە شێوەی نۆرمان نانیان خواردبێت یان زۆر رێژەیەکی کەمیان خواردبێت هەر هەڵیبێننەوە.

زۆرێك لەو نەخۆشانەی بوولیمیایان هەیە کێشیان نۆرماڵە، و پێشووتریش گرفتی نان خواردنیان نەبووە. هەندێ جاریش کەسانێك نەخۆشی بوولیمیان لەگەڵدایە، ئەوانەن کە پێشووتر نەخۆشی ئەنۆرێکسیا هەبووە. ئەوانەی تووشی نەخۆشی بوولیمیا دەبن بە شێوەیەکی مامناوەنجی تەمەنیان لەسەرەوە ترە لەچاو ئەوانەی تووشی ئەنۆرێکسیا دەبن و پێشێنەکەیشی بەزۆری هەوڵێکی ئیجگار توندی خۆ لاواز کردنی لەپشتەوەیە. ئەوانەی تووشی نەخۆشی بوولیمیا بوون پێیان وایە بە زۆری ئەوە کێشیانە کە هەست بە نرخی خۆکردن دیاری دەکات. چوونە سەرەوەی کێشی نەخۆشەکە و یان بێرکردنەوەی لە چوونەسەرەوەی کێشەکەی هەستێکی ناخۆش و مەراقی لەلا دروست دەکات. بە گشتی باوەڕبەخۆ بوونی نەخۆشەکە لە خوارەوەیە.

کاریگەریەکانی بوولیمیا لەسەر باری تەندروستی

ڕشانەوەی بەردەوام دەبێتە هۆی تێکچوون وگرفت لە هاوسەنگی خوێی لەشدا، لە دەورەی مانگانەدا هەروەها لێدانی دڵ تێکدەدات و زەرەروزیان لە ددانەکان دەدات. هەروەها غدەکانی لیکی نەخۆشەکە بە گشتی گەورە دەبن و لەوانەی دەم وچاوێش ئاوساوی پێوە دیار بێت. ڕشانەوە زەرەر وزیان لە سورێنچكیش دەدات و کەسەکە تووشی سك ئێشە و دڵتێکهەڵهاتن دەکات.

ئەوانەی بوولیمیایان لەگەڵدایە بە زۆری گرفتی دەروونی تریشیان لەگەڵە. باوترینیان گرفتەکانی مەراق و خەمۆکیە. ئەوەش بەرچاو کەوتووە کە ئەم نەخۆشانە شێوەی تری زەرەگەیاندن بە خۆیان هەیە، وەك خۆبڕین و بریندارکردن.

هۆکارەکانی تووشبوون بە بوولیمیا و چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە

هۆکارەکانی تووشبوون بوون بە بوولیمیا بینراوەتەوە کە هەر ئەو هۆکارانەی ئەنۆرێکسیان. کەلتووری دەوروبەر وهەڵوێستی خێزانی بە زۆری کاریگەری لەسەر نەخۆشکەوتنەکە هەیە، بەهەمان شێوە ڕووداوەکانی ڕابوردوو کە بەسەرکەسەکەدا هاتووە، وەك ئەزیەت دانی لە فێرگەدا یان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی‌دا تەریك خرابیتەوە.

بۆ چاکبوونەوە لە بوولیمیا چەندی شیوەی جۆراوجۆری چارەسەری گەشەی پێدراوە. بە زۆری لە بەرنامەی چارەسەریەکەدا شێوەکان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەکرێن بۆ نموونە ڕاوێژی خواردن ناس، دانی زانیاری لەسەر نەخۆشیەکە، تێراپیای دەروونی و چارەسەری بەردەنە سەرەوەی باری تەندروستی فیزیکی. هەندێ جاریش بۆ نموونە دەرمانی خەمۆکی بەکار دەهێنرێت. بۆ شوێنکەوتنی باری تەندروستی خۆ هەوڵ دەدرێت بە یارمەتی نووسینی خواردن و گرفتەکان کە سەکە فێرببێت. هەروەها کەسە نەخۆشەکە فێر ببێت واز لە نموونەکانی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی زیانبار بهێنێت، وەك ئەوەی کە کێش بڕوابەخۆ بوون دیاری بکات.

کەسانێك کە تووشی نەخۆشی بوولیمیا بوون بە زۆری دوای چەندین ساڵ لە سەرهەڵدانی نیشانەکانی نەخۆشیەکە دەکەونە شوێنی چارەسەر دۆزینەوە بۆ خۆیان. ئەمەش بە هۆی ئەوەیە کە چوونە پێشەوەی نەخۆشیەکە لەوانەیە بە شیوەی شەپۆلی بەرز ونەزم بێت: هەندێ جار کەسێك کە تووشی بوولیمیا بووە هەست ناکات بەوەی پێویستی بە پرخۆری و ڕشانەوە بکات یان دەتوانێ ئەوانە نەکات، سەرەڕای ئەوەی لەدڵەوە بیشیهەوێ بیکات. دیسانەوە جاری واش هەیە حەز لە پڕخۆری و ڕشانەوەکەی لە کۆنترۆڵ دەردەچێ و نیشانە و گرفتەکانی بە شێوەیەکی زەق وبەرچاو زەرەری بۆ ژیانی هەیە.

بەیارمەتی بەرنامەی چارەسەریەك کە بەمەبەستی ئەم نەخۆشیە داڕیژراوە دەرفەتی ئەوە بە کەسەکە دەدات فێری بەرگرتن بە تازە سەر‌هەڵدانەوەی نەخۆشیەکە ببێ و نیشانەکانی کۆنترۆل بکات. بەیارمەتی شێوەکانی چارەسەری کەسەکە بە یەکجاری چاکدەکریتەوە: تەنانەت کەسانێك کە چەندین ساڵ نەخۆشی بوولیمیان هەبووبیت دەتوانن بە یەکجاری لە نەخۆشیەکە رزگاریان ببی و چاکببنەوە.

گرفتە نائاساییەکانی نان خواردن

سەرەڕای ناوەکەی گرفتە نائاساییەکانی نان خواردن گشتی ترین شێوەی گرفتی نان خواردنە. گرفتە نائاساییەکانی نان خواردن بۆ نموونە ئەنۆرێکسیا یان بوولیمیامان یاد دێنێتەوە، بەڵام یەکێك لە نیشانە سەرەکیەکانی تێدا نیە. کەسێك کە بە گرفتە نائاساییەکانی نان خواردن نەخۆش کەوتبیت لەوانەیە بۆ نموونە ناڕەحەتی پڕخواردنی هەبێ، بەڵام ناڕشێتەوە، وەك نەخۆشێکی بوولیمیا، بە هەمان شیوە ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوتنی ئەنۆرێکسیا بە دیقەتەوە لەبەرچاوبگرین، دەرکەوتنی نەخۆشی ئەنۆرێکسیا ناتوانێ لە ژنێكدا هەبێ کە دەورەی مانگانەکەی نەبڕابێ. لەم حاڵەتەدا گرفتەکە ناخرێتە خانەی ئەنۆرێکسیاوە بەلکوو وەك گرفتی نائاسایی نان خواردن چاوی لێ دەکرێت.

سنوورێك کە لە نێوان گرفتی نان خواردن و بەناو هەڵس وکەوتی نان خواردنی نۆرماڵدا کێشراوە هەندێ جار دەکرێت بەردەوام لە جووڵەدا بیت. بۆ نموونە کەسێك کە خەریکە خۆی لەڕو لاواز دەکات و نان خواردنێكی ئێجگار بەبەرنامە و سنووردار و بەردەوام بەڕیوە دەبات لەوانەیە زەحمەت بێت بخرێتە خانەی هیچ نەخۆشیەکەوە. چارەسەریش دەتوانرێت تەنیا بەپێی سروشتی نیشانەو گرفتەکان و کاریگەریان دیاری دەکرێت، بە بێ ئەوەی پێویست بکات گرفتی نان خواردنەکە ناوێکی لێ بنێیت.

Binge Eating Disorder (BED) واتە گرفتی پڕخۆری یەکێکە لە باوترین گرفتە نائاساییەکانی نان خواردن

Binge Eating Disorder (BED) گرفتێکە، کە لەوانەیە دەبێتە هۆی زۆر قەڵەوی. نیشانەکانی ئەم گرفتە ئەوەیە کەسەکە ئەندازەیەکی ئێجگار زۆر خواردن دەماشێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی تر لەبەرامبەری زۆرخۆریەکەی‌دا ئەنجام بدات واتە بۆ نموونە هەڵهێنانەوە و ڕشانەوە یان دەرمانی پیسایی بەکار بهێنێت. مەزەنە کراوە، کە بەهۆی قەڵەویەوە یەك لەسەر پێنجی ئەوانەی دەکەونە شوێنی چارەسەری کردن بەدەست ئەم گرفتەوە دەناڵێن.

بۆ نەخۆشەکانی گرفتی پڕخۆری ئاسایی و باوە کە کێشێان ئاڵوگوڕی زۆر بەسەردا دێت، ماشینەوەی خواردن و پڕخۆری مەراقێکی ئیجگار بەهێزی بۆ پێکدەهێنێ. کەسانێك کە گرفتی پڕخۆریان هەیە لەوانەیە هەوڵ بدەن لە رێگەی نەخواردنی هەندێك لە ژەمەکان هەوڵ بدەن نان خواردنەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، بۆ نموونە نەخواردنی نانی بەیانیان یان نیوەڕوان بەهەرحاڵ دەبێتە هۆی ئەوەی ئێواران کەسەکە تووشی حاڵەتی ماشێنەوە خواردن و پڕخۆری بکات. نان خواردنی ڕێکوپێك و تەندروستی بۆ کەسانێك کە گرفتی پڕخۆریان هەیە گرنگە. هەروەها پێویستە ئەوەش وەبیر ئەو کەسانە بهێنرێتەوە کە ئەو گرفتەیان هەیە و نەخۆشن کە خۆیان نەدەن لە بەرنامەی زۆر خێرای خۆ لەڕ ولاواز کردن، چونکە ئەم بەرنامانە لەوانەیە حالەتەکانی پڕخۆری خراپ تر و زیاتر بکات.

دوسمۆرفیای ماسولکە

دوسمۆرفیای ماسولکە بە حاڵەتێك دەڵێن، کە کەسەکە هەست بۆ زۆرلێکردنێك دەکات کە پێویستە ماسولکەکانی گەشە پێ بدات و ئامادەیشە بۆ ئەمە کاتێكی ئێجگار زۆر تەرخان بکات. سەرەڕای ئەوەی بە زۆری ئەوانەی دوسمۆرفیای ماسولکەیان لەگەڵە زۆر ماسولکەدارن، بەڵام ئەوان خۆیان بە لەڕ ولاواز دەزانن. تێگەیشتنیان لە وێنەی لەشیان بە هەمان شێوەی ئەنۆرێکسیا پێچەوانە و هەڵەیە، چۆن ئەوانیش خۆیان بە قەڵەو دەزانن بەڵام لە ڕاستی‌دا لەڕ و لاوازن. کەسانێك کە دوسمۆرفیای ماسولکەیان لەگەڵە زۆر جار مەراقی بەهیزیان هەیە، مەشقی ئێجگار قورسی یارمەتیان دەدات کە بەرگەی هەستی ناڕەحەت وناخۆش بگرن. بۆ گەشەپێدانی ماسولکەکانیان لەوانەیشە هەندێ مادەی زەرەرمەند بۆ تەندروستی مرۆڤ وەك هۆرمۆن بەکار بهێنن.

ئۆرتۆرێكسیا

ئەوەی نەخۆشی ئۆرتۆرێکسی لەگەڵدایە دەیەوێ زۆر لەخۆی بکات تا بە شێوەیەکی تەندروستی نان بخوات. ئەو لەوانەیە رۆژانە چەندین کاژێر بۆ نەخشەدانان و ئامادەکردنی نان و خواردنەکەی بەکاربهێنێت و لێبڕاوانە بەکارهێنانی هەندێ مەوادی خواردەمەنی ڕەت بکاتەوە. ئۆرتۆرێکس لەوانەیە بۆ نموونە لەلایەن کەسێکی وەرزشکارەوە دەست پێ بکات تا رێگر بێ لە تووشبوونی ئێش وئازار و زەرەر لە باری فیزیکی و ڕاهێناندا. ترس لە قەڵەو بوون لەوانیە کەسەکە بەناچاری تووشی ئەو بارە بکات کەتەنیان خواردنی تەندروستی بخوات و ئەم ڕەفتارە لە خواردندا وردە وردە گرفتی نان خواردن بۆ کەسەکە پێکدەهێنێت. ئۆرتۆرێکسیا لەوانەیە لە ئەنجامدا کەسەکە تووشی ئەنۆرێکسیا یان بوولیمیا بکات.

گرفتە باوەکانی نان خواردن و تیگەیشتن لە جەستەی خۆ کە تووشی پیاوان دەبن بریتین لە زۆرکردن لە خۆ بۆ گەشەپێدانی ماسولکە واتە دوسمۆرفیای ماسولکە و هەروەها زۆرکردن لەخۆ کە خواردەمەنی تەندروستیانە بخوات، واتە ئۆرتۆریکسیا. هەروەها پیاوانیش بەهەر حاڵ تووشی ئەنۆرێکسیا و بوولیمیا دەبن.