گێڕانەوەی گرفتی تەندروستی دەروونی بۆ کەسوکار

گێڕانەوەی گرفتی تەندروستی دەروونی بۆ کەس وکار تا ئێستاش لەوانەیە هەست بکەیت قورسە چونکە زانیاری خەڵك لەسەر گیروگرفتی تەندروستی دەروونی بە زۆری کەم وکورتە. تێگەیشتن لە گرفتەکانی تەندروستی دەروونی بە زۆری لەسەر بنەمای بێ ئاگایی سەردەمەکانی ڕابوردوو، شێوازە خراپەکانی چارەسەری وهەروەها هەلوێستی نێگەتیڤانە دارێژراوە.

هەرکەسە دەبێ بریار بدات، کە ئایا خۆی گرفتە دەروونیەکەی خۆی کە ناسراوەتەوە بە کەس وکاری دەڵێت یان نا. بە زۆری باسکردنی گرفتەکە لە ئەنجامدا ئاسانترە تا باس نەکردنی، بەتایبەت ئەگەر گرفتەکە ڕووبەدەرەوە نیشانەکانی بەرچاو بکەوێ. لەوانەیە بۆ کەس وکارەکەش ئاسانتر بێت کە بزانن، گرفتە چیە. پێویستە بۆ کەسە نزیکەکانت باسی شێوەکانی چارەسەریەکەش بکەیت.

گێرانەوە بۆ منداڵ

نابێ گرفتی تەندروستی دەروونی لە منداڵی خۆتی بشاریتەوە، چونکە منداڵ سەرنجی گوڕانی وەزعیەتەکە دەدات و کاردانەوەی لەبەرامبەردا دەبێ بۆ نموونە دەترسێ و نیگەران دەبێ. ئەگەر منداڵەکە بزانێ، کە مەسەلەکە چیە، ئەو زۆرتر لەسەر کێشەکانی دایك وباوکی خۆی تاوانبار دەکات. باشتر وایە بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و ئاستی گەشەکردنی منداڵەکە بۆ خۆت گرفتە دەروونیەکە بە زمانی ئەو بۆ منداڵەکە باس بکەیت. بەتایبەتی ئەوەش گرنگە کە باسی بکەیت چۆن گرفتەکە کاریگەری لەسەر ڕەفتاری دایك وباوکەکە دادەنێ. بۆ نموونە دەکرێ بڵێیت، کە '' دایە نەخۆشی خەمۆکی هەیە و ئەمەش نەختێك وەك نەخۆشی خەوت وایە، بەردەوام خەواڵوە.''

پێوێستە هەر بابەتێك کە لە پەیوەند بە گرفتی تەندروستی دەروونیەوە هەیە خۆت بۆ منداڵەکەی باس بکرێت لە جیاتی ئەوەی چاوەڕوانی بکەیت تا منداڵەکە پرسیار دەکات. باشترە بۆ منداڵەکە باس بکەیت بۆ نموونە کامەیە هەموو شێوەکانی دەرکەوتنی گرفتی تەندروستیە دەروونیەکە، کاریگەری لەسەری چی وچی دەبێ و باسی ئەوەیشی بۆ بکرێ کە دایکەکە یان باوکەکە لە پەیوەند بە کێشە دەروونیەکە دەرمان بەکار دەهێنێ وچارەسەری تریشی بۆ دەکریت. دەتوانرێ بە منداڵ بگوترێ کە ئەو هەمیشە دواتریش دەتوانێ لە دایك وباوکی بپرسێت، ئەگەر ڕەفتارێکی دایکی یان باوکی بۆی مایەی پرسیار بێت. زۆر پێویستە کە لە کاتی پێویستدا بتوانرێ سەبارەت بەو بابەتە قسەوباس بکریت.

ئەگەر لە ماڵەوە کەشێکی غەمگین هەبێ، زۆر گرنگە منداڵەکە لە دەرەوەی ماڵەوە هاوڕی و سەرگەرمی هەبێ، کە لێیەوە هەست بە خۆشی بکات. بۆ نموونە خەمۆکی ئەندامیکی خێزان بێ ئەملاوئەولا سایە بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی مالەکەدا دەکێشێ. پێویستە ئەوەش وەبیر منداڵەکەدا بهینرێتەوە کە سەرەڕای نەخۆشی دایکەکەی یان باوکەکەی ئەو مافی خۆیەتی وەك منداڵ ژیانی منداڵانەی خۆی بباتە سەر.

  • بە منداڵەکەت بڵێ، چۆن گرفتەکە لە ژیانی رۆژانەیدا بەرچاو دەکەوێت (گریانی دایکی یان باوکی، هیلاك بوونی، غەمناکی)
  • باسی بکە، کە منداڵەکە هیچ نەیدەتوانی کاریگەری دابنێ لەسەر سەرهەڵدانی ئەو گرفتەدا
  • ڕوونی بکەرەوە، کە بۆ گرفتەکە لە ژێر چارەسەردایت
  • وەبیری بهێنەرەوە، کە ئەگەر منداڵەکە بیەوێ دەواتر سەبارەت بە گرفتەکە پرسیار بکات، ئەو هەمیشە بۆی هەیە
  • بە منداڵەکە بڵێ، کە ئەو پێویست ناکات نێگەرانی دایکی/باوکی بێت، بەڵکو درێژە بە سەرگەرمیەکانی خۆی بدات و هەر وەك جاران لەگەڵ هاوڕێکانی بێت.

گێڕانەوە بۆ دایك وباوكی خۆ

زۆر کەس بۆیان قورسە گرفتی تەندروستی دەروونی خۆیان بۆ دایك وباوکیان بگێڕنەوە. هەندێ جار هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە هەلوێستی ڕاستەقینە وەیان بۆچوونی دایك وباوکەکە بەرامبەر بە دەرکەوتنی گیروگرفتی تەندروستی دەروونی، هەندێ جار ترسی ئەوەی کە دایك و باوکەکە لەسەر دەرکەوتنی گرفتەکە خۆیان تاوانبار بکەن.

ئەگەر دایك وباوکەکە دەرفەتیان هەبێ یان پێویستیان بێ باسی گرفتە دەروونیەکەیان بۆ بکریت، پێویستە کاتێكی ئارام هەڵبژیرن وکاتیان پێ بدرێت پرسیار بکەن. پێویستە ئەوەش وەبیر دایك وباوکەکە بهێنرێتەوە کە ئەو گرفتە خەتای هیج کەسێکی تێدا نیە، بەلکوو سەرهەڵدانی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چەندین شت کاریگەریان لەسەر هەبووە. هۆی کەسێك یان هۆیەك بەتەنیا بۆ گرفتی تەندروستی دەروونی بەگشتی نادۆزرێتەوە، بۆ نموونە بێجگە لەوەی کە لە ئاکامی ڕووداوێكدا سەری کەسەکە زەرەری پێ گەیشتبێت.

نەرێتی بایولۆجی، منداڵی ناو سکی دایکی و بەسەرهاتەکانی کاتی لەدایك بوونی، کۆمەڵگای دەوروبەر و چۆنیەتی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیە نزیکەکان، نەخۆشیەکانی جەستە و بەدرێژایی تەمەن ئەو بەسەرهاتانەی کەسەکە بەسەری‌دا هاتوە ئەمانە هەموو کاریگەریان لەسەر سەرهەڵدانی گرفتە دەروونیەکە هەیە. لە زۆر لایەنی ترەوە سەرهەڵدانی گرفتی تەندروستی دەروونی هێشتا نەزانراون.

باشتر وایە بۆ دایك وباوكت باس بکەیت کە بۆ گرفتەکەت چارەسەری هەیە، هاوکات باسی ئەوەش بکە لەوانەیە ئەم گرفتە کاریگەری لەسەر کام شتانە دادەنێ. هەر کەسە بۆخۆی پسپۆڕی تەندروستی دەروونی خۆیەتی و باشتر کاریگەریەکانی گرفتەکەی لەسەر ژیانی خۆی دەزانێ.

سەرەڕای ئەوەی گرنگە کە بۆ دایك وباوکت ئەزمونی خۆت سەبارەت بە گرفتی تەندروستیە دەروونیەکەت باس بکەیت، بەڵام هێشتا باشتریشە نووسراو و کتێب لەسەر ئەو بابەتەیان بۆ بەدەست بهێنێت یان بۆ نموونە باسی ماڵپەڕی ئینتەرنێتیان بۆ بکەیت، کە لێەوە بتوانن دواتر بە ئارامی بابەتەکە بخوێننەوە. ئەگەر گێڕانەوە پیوێست بێت بەڵام هەست دەکەیت کە بۆت قورسە ئەوا بۆ کاتی گێرانەوەکە هاوڕیەکی خۆت با لەگەڵت بێت، کە پیشووتر گرفتەکەت بۆ گێراوەتەوە. هەڵوێستی دروستکەر و ئارامی هاوڕێکەت دەتوانێ ئەو بارەت بۆ ئاسان بکاتەوە.

ترس لە مۆری ناوچاوان

مەبەست لە ستیگما واتە مۆری ناوچاوان ئەوەیە بۆ نموونە لە نەخۆشیەکەوە، کەم ئەندامیەکەوە، ڕواڵەتێکەوە و ..هتد کەسەکە ڕووبەڕووی هەڵاواردن، بەگومان بوون لێی و بەسووك زانین ببێتەوە. ئاکامەکانی ستیگما لەوانەیە بۆ نموونە تووشی هەڵاواردن ببێ لەکاتی وەرگرتنی بۆ سەر کار، ناڕەحەتی وەرگرتنی بیمەی نەخۆشی یان گومانی کەسانی تر لەسەری. کەسێك ترسی ئەوەی هەبێ مۆر لە ناوچاوانی بدرێ لەوانەیە بۆ نموونە رێگر بێ لەبەردەم داواکردنی چارەسەری‌دا یان لەبەرامبەر باسکردنی گرفتەکەی بۆ هیچ کەس.

لە ئاستی سەرتاسەری دا دەتوانرێ ستیگما لەرێگەی کاریگەری دانان لەسەر زانیاریەکان، هەڵوێستەکان و ڕەفتارەکان کەمتر بکرێتەوە. ستیگما تا ئاستێکی زۆر بەهۆی کەمی زانیاریەوە وهەروەها بە هۆی ئەو ئەفسانانەی کە پەیوەندیان بە نەخۆشیەوە هەیە. بۆ نموونە ئاگایی خەڵك لە خەمۆکی وئاستی بەرێنایی نەخۆشیەکە زیادی کردوە و لەئەنجامدا تێگەیشتن لەو نەخۆشیەش زیاتر وورد تر بووە. ئێستا خەڵکی لە جاران زیاتر دەوێرن باسی ئەوە بکەن کە تووشی نەخۆشی خۆمۆکی بوون. خەمۆکی ئێستا بووەتە نەخۆشیەك لە ریزی نەخۆشیەکانی تردا.

رێکخراوەکانی تەندروستی دەروونی لەدژیستیگمابوون کاردەکەن، بەڵام هەموو کەسێکی تریش کە تووشی گرفتی تەندروستی دەروونی بووە بۆ خۆی ڕێگا وشێوەی هەیە تا کاریگەری لەسەر بوونی ستیگما لە کۆمەڵگادا دابنی، لێرەدا ئەمانە چەند دانەیەکن لەوانە:

  • لەبەر ئەوەی گرفتەکە بە تەواوی تۆ پێناسە ناکات، تۆش خۆت لە رێگەی گرفتەکەوە خۆت پێناسە مەکە: لە جیاتی ئەوەی بە خۆت بڵیی شیزۆفرینیایی، دەتوانیت بڵێیت نەخۆشی شیزۆفرینیام لەگەڵە.
  • رۆژنامەدا دەستەواژەی سووکایەتی پێکردن ویان لەژێر پرسیار دانانی تێدا بەکارهاتوە سەبارەت بەو کەسانەی گرفتی تەندروستی دەروونیان هەیە، وەڵامی خۆتیان بۆ رەوانە بکە. هەروەها لە بەرامبەر وتاری نووسراویشدا دەتوانیت وەڵامی خۆتیان بۆ بنووسیتەوە و بینێری.
  • مەهێڵە ترس لە ستیگما کاریگەری لەسەرت دابنێ. داوای چارەسەری پێویست بکە و هەوڵ بدە خەڵکانێکی خەمخۆر لەدەوری خۆت کۆ بکەیتەوە، بۆ نموونە لە گروپی یارمەتی هاوتایی کەسانێكت دوزیبێتەوە. نابێ هیج کەس بەهۆی گرفتی تەندروستی دەروونیەوە هەڵاواردنی لەبەرامبەردا بکرێ.

هەر کەسە دەتوانێ ئەوەندە ئەنجام بدات کە خۆی دەیەوێ و دەتوانێ. هیچ کەس مەرج نیە پێویست بکات لەبەرامبەر ستیگمابووندا خەبات بکات بۆ نموونە لە شوێن و بۆنەی جۆراوجۆرەوە سەبارەت بە نەخۆشیەکەی ڕوونکردنەوە بدات. بەڵام بەهەر حاڵ هەندێ کەسی تر ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرن، لەوانەیە لەبەر ئەوەی کە ئەوان دەزانن قسەوباسی گشتی یارمەتی خەڵکانی تریش دەدات کە لەهەمان هەل ومەرج‌دان یان دەیانەوێ هەندێ زانیاری وتێگەیشتنی هەڵە لەسەر کەسانی تووش بوو بە هەندێ گرفتی دەروونی ڕاست بکەنەوە.