ڕاوێژگاکانی خێزان (Perheneuvolat) له‌و کاته‌دا یارمه‌تی ده‌به‌خشن، که هه‌لومه‌رجێکی ته‌ندروستی ده‌روونی قورسایی له‌سه‌ر خێزانه‌که یان منداله‌که داناوه. ڕاوێژگاکانی خێزانی خزمه‌تگوزاریه‌کی یاساییه‌و بۆ هه‌موو دانیشتوانانی شارهوانیهکهیه.
کاره سه‌ره‌کییه‌کانی ڕاوێژگای خێزانی بریتییه له نهخشهکیشانی ههلو مه‌رجی ده‌روونی، سۆسیالیو پزیشکی منداڵان‌و لاوان‌و خێزان، له‌گه‌ڵ کاره شاره‌زاکانی تر. له خزمه‌تگوزاری ڕاوێژگای خێزانی‌دا له نێوان شاره‌وانییه‌کاندا (ناوچه‌کاندا) هه‌ندێ جیاوازی هه‌یه. خزمه‌تگوزاری ڕاوێژگای خێزانی شاره‌وانیه‌که‌ی خۆت، له ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕی شارهوانیهکهوه، زانیاری نوێت ده‌ست ده‌که‌وێت.
ده‌روونناسی منداڵان یارمه‌تی مندالان ده‌دات که بۆ نمونه ئه‌م کێشانه‌یان هه‌یه:
- سه‌ختی له په‌یوه‌ندی ئاسایی ڕۆژانه‌دا، له باخچه‌ی منداڵان یان له قوتابخانه
- خه‌مۆکی
- زیان به خۆ گه‌یاندن
- ئاگرێسیڤی (شه‌ڕه‌نگێزی)
- نا ئارامی‌و دڵته‌نگی
- کێشه‌ی خواردن‌و خه‌وتن
له ڕێگه‌ی پزیشکی قوتابخانه‌وه یان بنکه‌ی ته‌ندروستییه‌وه ده‌کرێت داوای ڕه‌وانه‌کردنی چاره‌سه‌ری تایبه‌تی نه‌خۆشی ده‌روونی منداڵ بکرێت. ئامانج له چاره‌سه‌ری ده‌روونی منداڵه‌که بریتییه له پاراستنی گه‌شه‌ی ئاسایی منداڵه‌که‌و زیادکردنی هێزی خێزانه‌که. خه‌م لێهاتنی درێژخایه‌نی دایک‌و باوک له‌سه‌ر ته‌ندروستی منداڵه‌که، هۆیه‌کی کافییه بۆ په‌نابردن بۆ یارمه‌تی.
له چاره‌سه‌ری تایبه‌تی ده‌روونی منداڵاندا،نیشانه‌کانی منداڵه‌که به‌رامبه‌ر به گه‌شه‌ی ئاسایی تێڕوانینی بۆ ده‌که‌ن. ده‌کرێت شتێک له ته‌مه‌نێکی دیاریکراودا ئاسایی بێت، به‌ڵام له ته‌مه‌نێکی تردا نیشانه‌ی گرفتێک یان کێشه‌یه‌ک بیت.
به گشتی گروپێکی شاره‌زای پێکهاتوو له دکتۆر، ده‌روونناس، کارمه‌ندی سۆسیال و/یان سیسته‌ر له منداڵه‌که ده‌کۆڵنه‌وه. به چاوپێکه‌وتنی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دایک‌و باوک‌دا، به بارودۆخی ژیانی منداڵه‌که ئاشنا ده‌بن.
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ منداڵه‌که خۆشی‌دا گفتوگۆ ده‌کرێت، به پێی تهمهنو ئاستی گه‌شه‌کردنی، شێوه‌یه‌کی گونجاو ده‌دۆزرێته‌وه بۆ گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵیدا، که ده‌کرێت بۆ نمونه چاودیری کردنی منداڵه‌که بێت له کاتی یاریکردندا. ئه‌گه‌ر پیویستی کرد، هه‌روه‌ها به پێی پێویست له بارودۆخی ته‌ندروستی فیزیکی منداڵه ده‌کۆڵرێته‌وه. ئامانج له‌وه‌دایه که دڵنیا بنه‌وه له‌وه‌ی که منداله‌که هیچ نیشانه‌یه‌کی نه‌خۆشی ده‌ماریی (نێورۆلۆگ)، واته نه‌خۆشی سه‌رچاوه‌ی مێشکی، نییه، که ده‌کرێت هۆکاری نیشانهکانبن.
چاره‌سه‌ری ده‌روونی منداڵان به گشتی له چه‌ند شێوه چاره‌سه‌رێکی جیاواز پێکهاتوه
چاره‌سه‌ری ده‌روونی منداڵان به پێی منداڵه‌که‌و بارودۆخه‌که‌ی دیاری ده‌کرێت. بۆ نمونه چاره‌سه‌رکه ده‌کرێت تێڕاپی (therapy) تایبه‌تی تاک بێت که جه‌خت بکاته ناو دنیای مێشکی منداڵه‌که، یان تێڕاپی خێزانی، که ته‌رکیز ده‌کاته سه‌ر ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌و هه‌لومه‌رجه‌که‌ی، یان چاره‌سه‌ر له ڕێگه‌ی ده‌رمانه‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌ندروستی منداڵه‌که پێویستی کرد. تێکه‌ڵکردنی چاره‌سه‌ره جیاوازه‌کان ئاساییه.
لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریانخستوه که چاره‌سه‌ری ده‌روونی منداڵان کاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر پێش‌گرتن به کێشه‌کانی ته‌مه‌نی لاوێتی. له هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و کێشانه‌ی چاره‌سه‌ر ناکرێن، درێژده‌بنه‌وه و سه‌ختتر ده‌بن.
ته‌له‌فونی قه‌یران
ته‌له‌فونی قه‌یرانی سه‌رتاسه‌ری ڕاسته‌وخۆ یارمه‌تی گفتوگۆکردن پیشکه‌ش ده‌کات بۆ ئه‌و که‌سه‌و که‌سانی نزیکی که له قه‌یراندان.
ئامانج له یارمه‌تی ته‌له‌فون له‌وه‌دایه که هه‌ستی ده‌روونی که‌سه‌که ئارام بکاته‌وه‌و ده‌رفه‌تی بداتێ که قسه له‌سه‌ر ئه‌و شته چاوه‌ڕوان نه‌کراوانه بکات که له پڕ هاتوونه‌ته پێشه‌وه، یان له‌سه‌ر سه‌ختی هه‌لومه‌رجی ژیانی بدوێت. ئه‌مانه هه‌مووی له کهشو هه‌وایه‌کی دۆستانه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت.
ژماره‌ی ته‌له‌فون: 010195202
کاتی تهلهفونکردن:
ڕۆژانی دووشه‌مه تا هه‌ینی: 9.00 – 06.00
شه‌ممان: 15.00 – 06.00
یه‌ک شه‌ممه: 15.00 – 22.00
نرخی ته‌له‌فونه‌کان له ناوخۆی فنله‌ند به پێی نرخی ئاسایی تۆڕی ناوخۆییه (pvm)و له ته‌له‌فونی ده‌ستیشه‌وه نرخی ئاسایی مۆبایله (mpm).
نرخه‌کان به پێی نرخدانانی کۆمپانیای تهلهفونهکانه. هه‌موو ئه‌و مهسرهفانهی له ئه‌نجامی تهلهفونکردنهکاندا دێنه پێشه‌وه، بۆ کۆمپانیای تهلهفهنهکانه. ناوه‌ندی قه‌یرانی سۆس (SOS), پاره‌ی ته‌له‌فون وه‌رناگرێت.